نوچەنێت-رووداو
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا دەڵێت، گشتپرسییەکەی هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی مەترسیداربوو. دەشڵێت “کوردیش وەک سوننە و تورکمان خەمی شەرعی خۆیان هەیە و سیاسەتە تائیفییەکانی مالیکی هۆکارن بۆ ئەوەی بەغدا نەک لەگەڵ کورد بەڵکو لەگەڵ تورکمان و سوننە عەرەبەکانیش شکست بهێنێت”.
لە گوتارێکدا بۆ رۆژنامەی “دەیلی سەباح”ی تورکی، کە ئەمڕۆ 26-9-2017 و دوای گشتپرسییەکەی باشووری کوردستان بڵاوکراوەتەوە، ئیبراهیم کاڵن، گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا رایگەیاندووە “بڕیارەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ئەنجامدانی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی لە ئێستاوە قەیرانێکی گەورەی رووبەڕووی ناوچەکە و هەموو جیهان کردووەتەوە و پێشبینی دەکرێت، لە چەند رۆژی داهاتوو رووداوی دیکەی نەخوازراوی بەدواوە بێ”.
کاڵن دەڵێت، کورد لە عێراق لە هەوڵی ئەوەدان خۆیان پەراوێز بخەن و هەموو ئەو دەستکەوتانەش لەدەستبدەن، کە بەدرێژایی چەند ساڵی رابردوو بەدەستیان هێناوە.
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا دەڵێت، مەبەستی هەولێر لە ئەنجامدانی گشتپرسییەکە گەیشتن بێت بە سەربەخۆیی و یاخود بەهێزکردنی کارتی گوشار بێت لە دژی بەغدا، دەرەنجامی نەرێنی لێدەکەوێتەوە و دەرەنجامەکانیش بە شێوازی جیا جیا هەستیان پێدەکرێت.
ئیبراهیم کاڵن، ئاماژە بە کۆبوونەوەی رۆژی 22ی ئەیلوولی ئەمساڵی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی تورکیا دەکات و دەڵێت “کۆبوونەوەکە ئەنجامدرا و گشتپرسییەکەی هەرێمی کوردستانی بە نایاسایی و ناپەسەندکراو ناوبرد، ئیدارەی ترەمپیش گشتپرسییەکە بە ئاگرخۆشکەر و هۆکاری دروستکردنی ناسەقامگیری لەناوچەکە وەسفدەكات، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان راگەیێندراوێکی هاوشێوەی بڵاوکردووەتەوە و داوا لە هەولێر دەکات، هەڵیوەشێنێتەوە یاخود پرۆسەکە راگرێت. ئەوروپا و وڵاتانی کەنداو بەیاننامەی هاوشێوەیان راگەیاندووە.
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا پێیوایە، هیچ وڵاتێک پشتگیری لە بەشبەشبوونی خاکی عێراق ناکات و دەڵێت “تاکە وڵات، کە پشتگیری لە دروستبوونی کوردستانێکی سەربەخۆ دەکات، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین نەتانیاهۆیە. ئەم پشتگیرییەش بۆ ئێمە جێگای گومانە و پێویستە کورد پێی نیگەران بن نەک دڵیان پێی خۆشبێت.
سەبارەت بە کاردانەوەکانی عێراق و ئێران لە دژی گشتپرسی باشووری کوردستان ، ئیبراهیم کاڵن گوتی: “بەغدا دەمێکە چەند رێکارێکی لە دژی گشتپرسییەکە گرتووەتە بەر، ئێران ئاسمانی بەسەر هەولێر و سلێمانی داخست. تورکیا لە ئێستاوە کار بۆ چەند رێوشوێنی دیکە دەکات”.
بەگوتەی ئیبراهیم کاڵن ، نیگەرانی سەرەکی کورد لەگەڵ بەغدا پەیوەندی بە دەستوورەوە هەیە. لە راستیدا بەغدا نەک لەگەڵ کورد بەڵکو لەگەڵ تورکمان و سوننە عەرەبەکانیش شکستی هێنا لە مامەڵەی سیاسی و پاراستی ئاسایشی ئەوان. ئەو دۆخە تائیفەگەرییەی، کە لەژێر سێبەری هەردوو حکومەتەکەی مالیکی تێپەڕین، هیوا و مەتمانەی پێکەوەژیانی کۆمەڵگەی عێراقی لەناوبرد. کورد و سوننەی عەرەب و تورکمان مەینەتی زۆریان بەدەست ئەو دۆخە سیاسییە نابەرپرسیاریانە چێشتووە.
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە درێژەی بابەتەکەیدا باسی مێژووی کوردستان دەکات لەدوای رووخانی رژێمی بەعس و دەڵێت: “دواجار کوردی عێراق لە دوای 2003ەوە هیچ پێگەیەکی تایبەتیان نییە تاوەکو بتوانن لەسەر بنەمای ئەم پێگە تایبەتە رووبەڕووی تەحەدییەکانی وڵاتەکە ببنەوە. بەڵام سەرەڕای ئەو دۆخە ناهەموارەی کە زیاتر لە 10 ساڵێکە عێراق پێیدا تێپەڕدەبێت، کورد دەستکەوتی زۆریان بەدەستهێناوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی ناوچەیەکی فیدراڵییە و خاوەن پەرلەمان و ئاڵا و ئاسایش و هێزی پێشمـەرگە و سنووری خۆیەتی و خاوەن بودجەی خۆیەتی. هیچ پێکهاتەیەک لە عێراق خاوەنی ئەم هەموو دەستکەوتە نین. ئەم گشتپرسییە ئەم دەستکەوتانە دەخاتە ژێر مەترسییەوە”.
کاڵن پێیوایە، ئەو دەنگۆیەی، کە دەگوترێت پێویستە هەموو پێکهاتەیەک خاوەنی وڵاتی خۆیان بن جێگای پرسیارە و مەترسیداریشە. بەم لۆژیکەوە دەبێت دەیان وڵات لە ئەوروپا و ئەمریکا و ئەفریقا و ئاسیا رابگەیێندرێن. هیچ پێویست ناکات خاکێک بەشبەش بکەیت، کە خۆی لەخۆیدا لە دۆخێکی ناهەمواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری تێوەگلاوە.
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بە پێویستی دەزانێت، نیگەرانییە دەستوورییەکانی کوردانی عێراق، لەچوارچێوەی سیاسەت و سەروەری خاکەکە چارەسەر بکرێن. بەشبوونی عێراق کێشە و چەڵەمەی زیاتر بۆ ئەو دۆخە ناهەموارەی وڵاتەکە زیاد دەکات. ئەو گشتپرسییەش، کە بەپێی دەستووری عێراقی نایاساییە. لەلایەن هیچ وڵاتێک یاخود کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دانی پێدانانرێت.
کاڵن باسی دەستپێشخەرییەکان و مەترسی پشتگوێخستنی دەکات بۆ کورد و دەڵێت: “پێویستە روونیش بێت، کە دژایەتیکردنی گشتپرسییەکە ئاراستەی کوردانی عێراق نەکراوە. تورکیا لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە بەشێوەیەکی بەرفراوان پشتگیری لە کوردانی عێراق کردووە. سەرکردایەتی کورد لە هەولێر هەموو بە بەشبەشکردنی عێراق و پشتگوێخستنی ئەلتەرناتیڤێک لەلایەن دۆستەکەی (تورکیا) خرابووەڕوو، ئەمە ئەو دەستکەوتە ئابووری و سیاسیانەی گەلەکەی دەخاتە مەترسی”.
کاڵن تیشک دەخاتە مەترسی بەڕێوەچوونی گشتپرسی لە کەرکوک و نیگەرانییەکانی وڵاتەکەی بۆ ئەم مەبەستە دەڵێت “لەکاتیکدا گشتپرسییەک خۆی نایاساییە و کێشە دروستدەکات، کەرکوک، کە دەکەوێتە ناوچە جێناکۆکەکان، لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە و بە بەشداریکردنیش لە دەنگدان، دۆخەکە بۆ تورکمان و عەرەبەکانی کەرکوک ناهەموارتر دەبێت. تورکیا زیاتر بە کەرکوک نیگەرانە بەتایبەتی لەو رووەی، کە پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ تورکمانەکان هەیە. گۆڕینی دیموگرافیای کەرکوک سیاسەتێکی مەترسیداربوو. بە ئەنجامدانی گشتپرسیش لە کەرکوک بە دڵنیاییەوە گرژی و تێکهەڵچوون رووبەڕووی ئەم شارە مێژووییە دەکاتەوە. ئەمەش سیاسەتێکە تەنیا پێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شەرعییەتەکەی دەخاتە مەترسیی”.
کاڵن لە کۆتایی بابەتەکەیدا دەڵێت “سەرەڕای چەندین ئاگادارکردنەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان سووربوو لەسەر ئەنجامدانی گشتپرسی. دەرهاویشتە نەرێنییەکان لە ئێستاوە دەرکەوتوون. تاکە چارەسەر بۆ دۆخەکە تەنیا ئەوەیە بە پرۆسەیەکی نایاسایی مامەڵە لەگەڵ “گشتپرسییەکە” بکەین و لە چوارچێوەی یەکپارچەیی خاکی عێراق بگەڕینەوە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا. لەوانەیە ئەمە بژاردەیەکی قورس بێت لەبەردەم بەغدا. بەڵام ئەمە باشترە لە سووربوون لەسەر سیاسەتێک، کە تەنیا ئەوان پەراوێزتر و لاوازتر دەکات”.