نوجەنێت
بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، لە ئەگەری هەر سەرکێشییەکی بەغدا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێ بەرگەی ئەنجامەکانی بگرێت.
رۆژی دووشەممە 25/9/2017، پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا هێزە عێراقییەکان لە هەموو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، کە تا ساڵی 2013 لەوێ بوون، جێگیر بکرێنەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە هەرئەمڕۆ دووشەممە 25-9-2017، گەلی کوردستان بە هەموو ئایین و نەتەوەکانەوە لە ریفراندۆمی سەربەخۆییدا، بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات.
هەڵگورد حیکمەت، بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و ھۆشیاری نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند، لە ئەگەری هەر سەرکێشییەکی بەغدا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێ بەرگەی ئەنجامەکانی بگرێت.
هەڵگورد حیکمەت هۆشداری دا سوپای عێراق و رایگەیاند: لە ئەگەری هەر هێرشێک یان هەڕەشەیەک، پێشمەرگە ناوەستێ و پارێزگاریی لە شوێنی خۆی دەدات و ئاگاداری حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاگادار دەکاتەوە، کە ”بەرپرسیارێتی ئەو ھەڕەشانە لە ئەستۆ بگرێ“.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە بە ئاماژەکردن بەوەی، کە پێشمەرگە لە بستێکی خاکی کوردستان ناکشێتەوە گوتی “ئەو جۆرە بڕیارە تاکڕەوانە دژی کوردستان وای لە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان کرد، بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی بدات”.
لە لایەکی دیکەوە فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بە (باسنیوز)ی راگەیاند، سەرکردایەتی سیاسی کوردستان ”حیسابی بۆ هەموو ئەگەر و کاردانەوەیەک لە دژی ریفراندۆم کردووە“.