نوچەنێت
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دوای بەشداریکردنی لە گشتپرسی سەربەخۆیی کوردستان رایگەیاند “گەلی کوردستان بەشێوەیەکی ئاشتییانە بەشێوەیەکی دیموکراسییانە و بەشێوەیەکی هێمنانە دەیانەوێ رای خۆیان دەربڕن، کە ئایندەی خۆیان و ئەم وڵاتە بە چ شێوەیەک دەبێت”.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەدوای ئەوەی دەنگی خۆی خستە نێو سندوقی دەنگدان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی “بۆ ئێمە لە هەرێمی کوردستاندا بە تەئکید، بۆ هەموو ئەو پێکهاتانەی کە لەم وڵاتەدا دەژین، لە کوردستاندا ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە. پەیامی ئێمە لەم رۆژەدا ئەوەیە: گەلی کوردستان ئەمڕۆ، بە هەموو ئەو پێکهاتانەی کە لەم وڵاتەدا دەژین، بەشێوەیەکی ئاشتییانە بەشێوەیەکی دیموکراسییانە و بەشێوەیەکی هێمنانە دەیانەوێ رای خۆیان دەربڕن، کە ئایندەی خۆیان و ئەم وڵاتە بە چ شێوەیەک دەبێت”.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: “بەدڵنیاییەوە ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە لە هەرێمی کوردستان دەیبینین، لە پرۆسەی دەنگدان بۆ سەربەخۆیی، واتە ریفراندۆم، بۆ ئەوە نییە رۆژی پاشتر سەربەخۆیی کوردستان رابگەیەنین. بۆ ئەوەش نییە، کە سنوورەکانی کوردستان بەم ریفراندۆمە دەستنیشان بکەین. ئەم دوو مەسەلەیە یەکجار زۆر گرنگە، کە هەموو وڵاتانی دەورووبەری ئێمە و بەغداش ئاگاداری ئەوە بێت”.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە ئاماژەدان بەوەی تەنیا دەمانەوێ ئیرادەی گەلی خۆمان پیشانی دنیا بدەین، کە دەمانەوێ بەرەو سەربەخۆیی بڕۆین، لە پرۆسەیەکی دیموکراسییانە و دانوستاندنێکی جیدی لەگەڵ بەغدا گوتی “ئێمە زیاتر لە بیست ساڵە سەلماندوومانە بۆ وڵاتانی دەورووبەر و بۆ عێراقیش، کە ئێمە فاکتەری سەقامگیری و ئارامین لە ناوچەکەدا بەدڵنیاییەوە هەر وەک فاکتەرێکی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکەدا، هەم بۆ درواسێکانمان و هەم بۆ بەغداش”.