لە ڕانیە هەوڵی تیرۆرکردنی سەرنوسەری گۆڤاری زنار دراو بەسەختی بریندارە

0

لە ڕانیە هەوڵی تیرۆرکردنی سەرنوسەری گۆڤاری زنار دراو بەسەختی بریندارە

نوچەنێت

ئەمشەو لە رانیە سەرنوسەری گۆڤارێک دەدرێتە بەر ڕێژنەی گولە، چوار گولەی بەردەکەوێت و بەسەختی بریندار دەکرێت هەرلەم شەوانەشدا هەوڵی تیرۆرکردنی بەڕێوەبەری نوسینگەی کوردستان تیڤی لەوناوچەیە دراوە.

غەفور هیرانی بەڕێوەبەری نوسینی گۆڤاری زنار، بەنوچەنێتی راگەیاند ” ئەمشەو کاتژمێر ١٠:٤٥هەوڵی تیرۆرکردنی کاک هەڵگورد سەنوسەری گۆڤاری زنار درا، لەبەردەم ماڵەکەی خۆی و بەسەختی بریندارە، چوار گولە بەر ران و سکی کەوتووە”.

هیرانی ئەوەشی راگەیاند کە سەرنوسەری گۆڤارەکەی رەتیکردۆتەوە کێشەی شەخسی لەگەڵ هیچ کەسێک هەبێت و  وتی” بەرلەوەی کاک هەڵگورد بچێتە ژوری نەشتەرگەری من قسەکم لەگەڵ کرد، پێی وتم کە کێشەی لەگەڵ هیچ کەسێک نیە و رەنگە هۆکار تەنها ئەو تەشەنوجە سیاسیە بێت کە ئێستا لەکوردستاندا بونی هەیە”.

خەفور هیرانی چۆنیەتی هەوڵی تیرۆرکردنی سەرنوسەری زناری بۆ نوچەنێت ئاشکرا کردو وتی” کاک هەڵگورد پێی وتم ئەم شەو سێ جار جۆزەی کارەباکەیان کوژاندوینەتەوە منیش چوم چاکی بکەم لەوکاتە کەچومە دەرەوە، لەتاریکیدا بەر دەستڕێژی گولە درام و بەزەحمەت توانیم خۆم بگەیەنمە ماڵەوە، هەروەها وتیشی وا تێدەگەم پێشتریش مەبەستیان بووە ئەوە بکەن، چونکە دوو شەو لەمەو بەر کارەباکەیان چەندین جار کوژاندینەوە، ئەوەش مانای ئەوە بووە بزانن، ئایا من چۆن دێمە دەرەوە، بۆ چاککردنی کارەباکە، بەڵام تەقەیان نەکردووە و دیارە ئەمشەو گونجاوتر بووە بۆیان”.

بەڕێوەبەری نوسینی گۆڤاری زنار بەتوندی ئەو هەوڵە تیرۆرستانەی ئیدانە کردوو وتیشی”دەبێ دامودەزگا ئەمنییەکان هەوڵی جدی ئاشکرا کردنی ئەو کەسانە بدەن، چونکە چەند شەو لەمەو بەر بەهەمان شێوە بەڕێوەبەری نوسینگەی کوردستان تیڤی پەلامار دراو خەڵک رزگاریان کرد، لەدەستی ئەوانەی کە پەلاماریان دابوو، ئەویشیان زۆر بەسەختی بریندار کردووە بەلێدان، ئەمەش یان رەبتی بەکێشە سیاسیەکانی کوردستان هەیە یان دەستێکە دەیەوێ دۆخی کوردستان و ناوچەکەی ئێمە تێک بدات، هەر لایەکیش لەوانە بێت ئەرکی دەزگا ئەمنیەکانە هەوڵی ئاشکراکردنی بدەن”.

سەرنوسەری گۆڤاری زنار ناوی قادر ئەحمەد عومەرە و ناسراوە بە هەڵگورد. لەگەڵ کاری رۆژنامەوانی لەهەمانکاتدا ئەندامی مەکتەبی لقی ١١ی پارتییە، بۆیە گومانی ئەوەهەیە هەوڵی تیرۆر کردنەکەی پەیوەندی بەکێشە سیاسیەکانی کوردستانەوە هەبێ.

ئێمە لە نوچەنێت زۆر بەتوندی هەر هەوڵێکی تیرۆرستی و توندوتیژی ئیدانە دەکەین و داواکارین دەزگا ئەمنیەکان پەلەبکەن، لە  رێگرتن تەشەنەسەندنی ئەو جۆرە دیاردانە و هیوای چاکبونەوەی خیرای هاوکارمان کاک هەڵگورد دەخوازین.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com