پارێزگاری کەرکوک راگەیەندراوێک بڵاودەکاتەوە

0

نوچەنێت 

پێش كەمێك د. نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركوك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و گوتی “بۆ یەكەم جارە لە مێژووی میللەتی كورد خەڵكی ئێمە بتوانێ بچێتە سەر سندوقی دەنگدان و بە ئارەزووی خۆی دەنگ لەسەر چارەنووسەكەی بدات، كە نەوەی نەوەكانیشی دەگرێتەوە”.

د. نەجمەدین كەریم گوتی “سبەی قسە دەوەستێ، دەكەوینە سەر كار. داوا لە خەڵكی كەركووك دەكەم، بە عەرەب و كورد و كلدوئاشووری و شیعە و سونە بەبێ جیاوازی بچنە سەر سندوقی دەنگدان و بە ئازادانە دەنگ بدەن، هیواداریشم دەنگەكانتان بەڵێ بێت بۆ سەربەخۆیی كوردستان”.

پارێزگاری گوتی “قسە كراوە گوایە لە كەركوك ترس هەیە و خەڵك شار بەجێ دێڵن، بەڵام بە پێچەوانەوە، هیچ ترسێك نیە، لەناو شار ئاسایش بەهێزتر كراوە و لە هەموو شوێنێك هەن، هەروەها سوپای عێراق و پێشمەرگە تا ئێستەش هاوكاری یەكتری دەكەن لە شەڕی دژی داعش”.

پارێزگاری كەركوك دووپاتیشی كردەوە، كە كەس ناتوانێ غەدر لە خەڵكی سیڤیل و بێ تاوانی كەركوك بكات. گوتیشی “ئێمە بە هیچ شێوەیەك قبووڵ ناكەین هیچ هاوڵاتییەك لە كەركوك خەڵكی تری وەك عەرەب و توركمان و ئاوارەكان ئیستیفزاز بكات”.

هەروەها گوتی، داوا لە هەموو پێكهاتەكان دەكەم بچن بۆ دەنگدان و ئازادانە بەشداری بكەن. ئاماژەشی بەوەدا، كە سبەی لە سەعات پێنجی بەیانیەوە هاتنە ژوورەوەی ئۆتۆمبێل و تانكەر بۆ نێو شاری كەركووك رادەگیرێ تا سەعات هەشتی ئێوارە.

پەیامێكیشی بۆ توركمانەكانی كەركوك نارد و پێی گوتن “ئێمە لە دوای ئەو ریفراندۆمە دەتوانین لەگەڵ هەموو لایەنەكان دانیشین و باسی هەر بابەتێك بكەین كە بیانەوێ، ئێمە هەرچی بكەین لە كەركووك، بەڕێكەوتنی هەموو لایەك دەبێت”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com