نوچەنێت
لە بەڵگەنامەیەکی سیاسیدا، کە خۆی لە 15 خاڵدا دەبینێتەوە مافی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە دەوڵەتی داهاتووی کوردستان دیاریکرا و ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمیش بەڵگەنامە سیاسییەکەی پەسندکرد و دواتریش ئەنجومەنەکە دەیکاتە بڕیار.
خەلیل ئیبراهیم ، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ نوێنەری پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان، دوایین داڕشتنی بەڵگەنامە سیاسییەکەی رایگەیاند و گوتی “ئەمڕۆ (یەکشەممە 24-9-2017) لەگەڵ پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی کوردستان گەیشتینە دوایین داڕشتن لەسەر بەڵگەنامەیەکی سیاسی بۆ دابینکردنی مافی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی کوردستان”.
خەلیل ئیبراهیم ئەوەشی راگەیاند “دوای چەندین دانیشتن لەگەڵ نوێنەری پێکهاتە جیاوازەکان و جێکردنەوەی هەموو ئەو خواستانەی ئەوان لە کۆماری داهاتووی کوردستان هەیانە، لەو بەڵگەنامەیە جێکرایەوە و گەیشتنە کۆتایی ئەو داڕشتنە، کە بۆچوونی سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی تێدایە”.
ئەندامەکەی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم گوتیشی “ئینشەڵڵا سبەی هەموومان بە یەکەوە دەنگ بە بەڵێ دەدەین بۆ بەدیهێنانی ئەو خەونە”.
خەلیل ئیبراهیم دەڵێت “هەموومان کۆکبووین لەسەر ئەوەی دەوڵەتی کوردستان دەبێت دەوڵەتێکی مەدەنی و دیموکراسی بێت و هەموو پێکهاتەکان هاوبەشی راستەقینە بن، هەموویان گەلی رەسەنن، پێکەوە هەموومان خاوەنی ئەو خاک و نیشتمانەین، بنەمایەکانی ئەو دەوڵەتەش لەسەر بناخەی عەدالەت و دەوڵەتی هاونیشتمانی بوون و ماف و ئازادییەکان و سەروەری یاسا بێت”.
خەلیل ئیبراهیم گوتیشی: “دوای پەسندکردنی ئەو بەڵگەنامەیە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم، ئەمڕۆ ئێمە لێرە رامانگەیاند و دواتر دەچێتەوە ئەنجومەن بۆ ئەوەی بکرێتە بڕیار”.