بارزانی بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان: پێچەوانەی رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان رەفتارتان کرد

0

نوچەنێت

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانی راگەیاند “گەلی ئێمە بڕیاری خۆی داوە و لەو بڕیارەش پاشگەز نابێتەوە و رۆژی 25ی مانگ ریفراندۆم بەڕێوەدەچێت”

ئەمڕۆ (یەکشەممە 24-9-2017) لە سەلاحەدین، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە یان كوبیش نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كرد.

بەپێی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەكەدا یان کوبیش رایگەیاند، کە بۆ ئەوە هاتووە دواهەنگاوەکان و هەڵسەنگاندنی (سەرۆک بارزانی) لەبارەی رەوشی ئێستا و دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم بزانێت.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان نیگەرانی خۆی لە هەڵوێستی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵی نێودەوڵەتی راگەیاند، کە “پێچەوانەی هەموو ئەو بنەمایانە رەفتاریان کرد کە لە رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و خودی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکاندا وەک مافێکی سەرەتایی بۆ گەلان چەسپاوە، کەچی بەو شێوەیە لەگەڵ خواستی گەلی کوردستان بۆ دەربڕینی را لەسەر چارەنووسی خۆی، مامەڵەیان کرد”.

بارزانی جەختیشی کردەوە، کە گشتپرسی سادەترین مافی دیموکراسییە و، گەلی ئێمە بڕیاری خۆی داوە و لەو بڕیارەش پاشگەز نابێتەوە و رۆژی 25ـی9ـی2017 گشتپرسی بەڕێوە دەچێت و، دوای ئەوەش دەرگای گفتوگۆمان لەگەڵ بەغدا کراوەیە بۆ ئەوەی لەسەر سنوور و هەموو بابەتەکانی دیکە قسە بکەین و، بەشێوەیەکی ئاشتیانە و لێکتێگەیشتن ببینە دوو دراوسێی باش.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جەختیشی کردەوە، کە کوردستان وەک پێشتر لە رۆڵی کارای خۆی لە هاوپەیمانێتیی دژی داعش، هەروەها هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق دژی تیرۆر، بەردەوام دەبێت و سیاسەتیشمان بەرانبەر حەواندنەوەی ئاوارەکان وەک خۆیەتی و، ئەوانە برای ئێمەن و ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەی لەنێوان پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییەکاندا هەیە وەک خۆی دەمێنێتەوە.

نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان سوپاسی هەڵوێستەکانی بارزانی کرد لەبارەی شەڕی دژی داعش و هەماهەنگی لەگەڵ سوپای عێراق و حەواندنەوەی ئاوارەکان و بەڵێنیشی دا، نیگەرانییەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەڵوێستی نێودەوڵەتی بەهەموو لایەک رابگەیێنێت و لە ئەرکی خۆیشیان، کە رێگەگرتنە لە ململانێ و هەوڵدانیان بۆ نزیککردنەوەی بۆچوونە جیاوازەکان، بەردەوام دەبن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com