تایبه‌ت: نوچه‌نێت
ئه‌ندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دوا بڕیاری خۆمان له‌سه‌ر ریفراندۆم ده‌دەین، ده‌شڵێت “گۆڕان به ته‌نها بڕیار ده‌دات و به‌یاننامه‌ی هاوبه‌شمان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵ نابێ”.
بڕیاره ئیواره‌ی ئه‌مرۆ (یه‌كشه‌ممه 24/9/2017) كاتژمێر 19:00، جڤاتی نیشتمانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، به ئاماده‌بوونی ئه‌ندامه‌كانی كۆببێته‌وه، دوا بڕیاری خۆی له‌سه‌ر به‌شداری جه‌ماوه‌ری بزووتنه‌وه‌كه له‌سه‌ر ریفراندۆم بدات.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، د. ئیسماعیل نامیق، ئه‌ندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، سه‌باره‌ت به كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی جڤاتی نیشتمانی، ده‌رباره‌ی پرۆسه‌ی ریفراندۆم رایگه‌یاند: بریاره جڤاتی نیشتمانی كۆببێته‌وه و دوا بڕیاری خۆی له باره‌ی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم و به‌شداری بزووتنه‌كه له‌سه‌ر ریفراندۆم بخاته‌ڕوو. ده‌شڵێت “نازانم ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كه چۆن ده‌بێت له نێوان به‌ڵێ یان نه‌خێر و بایكۆتدا”.
د.ئیسماعیل نامیق ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان تایبه‌ته به خودی بزووتنه‌وه‌كه و باوه‌ڕناكه‌م هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵی ئیسلامی بكه‌ین و پێكه‌وه هه‌ڵوێستی هاوبه‌ش رابگه‌یه‌نین.
ناوبراو ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، هه‌تا كۆبوونه‌وه‌كه نه‌كه‌ین و بۆچوونی تێكڕای ئه‌ندامان نه‌زانین، ناتوانین له ئێستاوه بڕیار بده‌ین، ئاخۆ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، بڕیار ده‌دات پشتگیری ریفراندۆم بكات یان ده‌چێته به‌ره‌ی نه‌خێره‌وه.