نوچەنێت
باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانی بۆ باشووری کوردستان رادەگەیێنێ و دەڵێت “بە هەموو شێوەیەک پشتگیری لە بەڕێوەچوونی گشتپرسی دەکات”.
ئەمە لە کاتێکدایە سەرکردایەتی کورد مکوڕن لە سەر ئەنجامدانی گشتپرسی لە 25-9-2017، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا و چەند وڵاتێکی دیکە، خوازیاری گشتپرسی دوابخرێت و لە نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆ بکرێت.
جۆن بۆڵتن، یەکێک لە دیپلۆماتکارە بەناوبانگەکانی ئەمریکا و نزیک لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپە، یەکێک لە بەربژێرەکانیش بوو بۆ وەزیری دەرەوە، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر رایگەیاندووە “کاتی هاتووە نەتەوەی کورد لە عێراق، دەنگی خۆیان لەسەر هیوا و ئاواتەکانیان هەڵبڕن”.
پێشتر جۆن بۆڵتن، لە بابەتێکدا لەبارەی کوردستان رایگەیاندبوو “کوردە عێراقییەکان بە حوکمی دیفاکتۆ (ئەمری واقیع) خەریکە سەربەخۆیی وەردەگرن و ئەوان نزیکن لەوەی سەربەخۆییەکەی خۆیان بەگوێرەی یاسا رابگەیێنن”. جەختی لەوەش کردبووەوە، کە کورد بەمەبەستی ئاسانکاریکردن بۆ دامەزراندنی کوردستانێکی گەورەتر دژی داعش شەڕ دەکەن.