نوچەنێت
بارزانی لەکاتی کۆبوونەوە لەگەڵ باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق رایگەیاند، گشتپرسی بڕیاری گەلی کوردستانە، لەدەستی هیچ حیزب و کەسێکدا نەماوە و لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا (25-9-2017) بەڕێوەدەچێت.
ئێوارەی رۆژی شەممە 23-9-2017 لە پیرمام، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ برۆبۆ ئۆبێرت، باڵیۆزی فەرەنسا لەعێراق و دۆمینیك ماس، كونسوڵی فەرەنسا لە هەولێر کۆبووەوە.
بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق رایگەیاندووە، فەرەنسا دژی خواستی گەلی کوردستان نییە و خوازیارن پەرە بە پەیوەندیی مێژوویی نێوان گەلی فەرەنسا و گەلی کوردستان بدرێت. راشیگەیاندووە، فەرەنسا وەک بنەما دژی گشتپرسی نییە، بەڵام پێیانوایە ئێستا کاتەکە بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی لەبارنییە و رەنگە کاریگەریی لەسەر شەڕی دژی داعش دروست بکات.
لەبەرامبەردا بارزانی جەختی کردووەتەوە، بڕیاری گشتپرسی بڕیاری یەک یا دوو حیزب نییە و بڕیاری گەلی کوردستانە بە هەموو پێکهاتەکانییەوە و بڕیاری پەرلەمانی کوردستانیشە، ئێستاش کاتی ئەوە نەماوە باس لە دواخستنی بکرێت و بڕیارەکەش لەدەست هیچ حیزبێک و هیچ کەسێکدا نییە، بۆیە گشتپرسی لەکاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت.
بارزانی بەوردی ئەو هۆکارانەی روونکردوونەتەوە کە بوونەتە هۆی ئەوەی گەلی کوردستان هیچ ئومێدێکی بە پێکەوەژیان لەگەڵ بەغدا نەمێنێت و بڕیاری ئەنجامدانی گشتپرسی بدات. جەختی لەوەش کردووەتەوە کە گەلی کوردستان رۆژی 25-9-2017 دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و رای خۆیان بە جیهان رادەگەیێنن.
سەبارەت بە داواکاریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش بۆ ئەنجامدانی دیالۆگ لەگەڵ بەغدا، بارزانی رایگەیاندووە: “ئێمە هیچ کاتێک دەرگای گفتوگۆمان دانەخستووە و ئەمڕۆش شاندێک چوونەتە بەغدا تا بابەتەکە زیاتر بۆ لایەنە سیاسییەکانی عێراق روونبکەنەوە، لەدوای ئەوەش دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا کراوەیە و ئامادەین بە ئەجێندایەکی کراوە و دڵێکی کراوە لەسەر هەموو بابەتەکانی وەک سنوور، نەوت، ئاو، گاز و هەر بابەتێکی دیکە کە پێویست بێت گفتوگۆ بکەین، تا بە رێگەیەکی ئاشتییانە و لێکتێگەیشتن ببینە دوو دراوسێی باش”.