نوچەنێت: تایبەت
ئەندام پەرلەمانێکی گۆڕان رایدەگەیەنێت، بڕیاری بەشداریکردنمان لەدانیشتنەکانی پەرلەمان، پەیوەستە بە بڕیاری جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕانە و دەشڵێت “تا ئەوکاتەی بەفەرمی بڕیاردەدات بەشداری بکەین، ناچینە هۆڵی پەرلەمانەوە”.
دوای نزیکەی دوو ساڵ لە پەکخستنی، پەرلەمانی کوردستان، بە هۆی ناکۆکی سیاسی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوی گۆڕان، رۆژی هەینی 15-9-2017 کاتژمێر 7 ئێوار، پەرلەمانی کوردستان بەسەرۆکایەتی جەعفەر ئیمینکی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان یەکەم کۆبوونەوەی دەستیپێکرد، لە دانیشتنەکەدا 68 پەرلەمانتار بەشدار بوون و لەیەکەم کاریشیدا بڕیاری گشتپرسی پەسەندکرد، تا ئێستاش گۆڕان و کۆمەڵ، ئامادەنین بەشداری کۆبوونەوەکانی داهاتوو بکەن.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، قارەمان قادر، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی بەشداریکردن فراکسیۆنەکەیان لەدانیشتنەکانی پەرلەمان رایگەیاند: بەشداری کۆبوونەوەکانی پەرلەمان ناکەین، تاکو دەستەیەکی سەرۆکایەتی ناشەرعی هەبێت، بۆیە بڕیارمانداوە تائەوەکاتەی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بەفەرمی بڕیاردەدات بەشداری کۆبوونەوەکان بکەین، ناچینە هۆڵی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانەوە.
قارەمان قادر گوتیشی “بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی ئێستای پەرلەمان بەم دەستە و سەرۆکایەتییە ناشەرعیەی، کە پێکهێنراوە، درێژەپێدەری هەمان کودەتاکەی 12 ئابە، کە پارتی کردی، بەڵام بە فراوانتر و بە یارمەتی یەکێتی و یەکگرتووی”.
سەبارەت بەهۆکاری بەشداری نەکردنیان لە کۆبوونەوەکان پەرلەمانتارەکەی گۆڕان دەڵێت “راستە ئێمە مەرجمان نییە و ئەوانیش مەرجیان نییە، بەڵام گەڕانەوەی سەرۆکی پەرلەمان و بەشداریکردنی ئێمەش لە کۆبوونەوەکان، بەبێ چارەسەرکردنی کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم نایاساییە و دۆخی پەرلەمان ئاسایی ناکاتەوە، یاخود دەبێت رێکەوتنێكی سیاسی بکرێت، بۆئەوەی پەرلەمان کاری ئاسایی خۆی بکات”.
قارەمان قادر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئەگەر بڕیارماندا لە حکومەتی هەرێم بکشێینەوە و ببینە هێزێکی ئۆپۆسۆزیۆن، پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی دیکە بەپێی ئەو رێککەوتنەی کردوویانە دەستەیەکی نوێی سەرۆکایەتی پێکدێنن، ئەوکاتە ئێمە بەشداری کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دەکەین.