نوچەنێت-رووداو
نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکوک داوا لە خەڵکی پارێزگاکە دەکات، بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و “لە مێژووی کوردستان تاوەکو ئێستا هەلی وا بۆ کەس رێک نەکەوتووە،
دەقی پەیامەکەی پارێزگاری کەرکوک:
داوا لە خەڵکی کەرکوک دەکەم رۆژی دووشەممە 25-9-2017 بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، هەموو ئامادەکارییەک کراوە و من ئەمڕۆ لەگەڵ نوێنەری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی قسەم کرد، هەموو ئامادەکارییەک کراوە، سندووقەکان لەو شوێنانە دەبێت، کە پێشتر خەڵک دەنگی لێداوە. لەبەر ئەوە هەر کەسێک بچێتەوە بۆ ئەو شوێنەی دەنگی لێداوە لە 2014.
ئەمە رۆژێکی مێژووییە بە نیسبەت خەڵکی کەرکوک و کوردستان، ئەمە هی حزب نییە هی شەخس نییە و هی خەڵکی کوردستان و داهاتووی کوردستانە، هەندێجار خەڵک ترس و دڵەڕاوکێ دەهێننە ئاراوە کەرکوک لە هەموو کاتێک ئارامترە و هیچ مەترسییەک لەسەر کەرکوک نییە، ئەو کەسانەی ئەو پڕوپاگەندانە بڵاودەکەنەوە، قەت نەیانویستووە کەرکوک رای خۆی هەبێت لەم پرسانەدا و نەیانویستووە کەرکوک ئارامی تێدا بێت. بەڵکو پێیان خۆشە ئارامی کەرکوک تێکبچێت.
من جارێکی دیکە داوا لە هەموو خەڵکی کەرکوک دەکەم بەبێ جیاوازی لە نەتەوە و دین و حزب و ئینتیمای سیاسی بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆیان تۆمار بکەن وەک وەفایەک بۆ گیانی پاکی ئەو شەهیدانەی کەوا کەرکوکیان لە داعش پاراست، کەرکوکیان پاراست لەوەی هێزی دیجلە بێتە ناوی و، وایانکرد ئێمە هەموو مان بتوانین لە کەرکوک بمێنینەوە و هەوڵبدەین بۆپێشخستنی و خزمەتکردنی.
من هیوادارم هیچ پاشگەزبوونەوەیەک لە ئەنجام دانی گشتپرسی نەبێت، ئەم راپرسییە هی خەڵکە، خەڵک بڕیار دەدات بچی دەنگ بدات یان نەیدات، هەموو حزبە سیاسییەکان ئەوانەی پشتیوانی لە گشتپرسییان کردووە، پشتیوانی ئەنجامدانی ریفراندۆمیان لە هەموو کوردستان کردووە، لە پەیڕەو و پلانیاندا نووسراوە، کە بڕیاریانداوە لە گشتپرسی بەشدار بن و گشتپرسی لە هەموو کوردستان بکرێت بە ناوچە دابڕاوەکانیشەوە، ئەمە بڕیاری حزبی هەموو حزبییەکانیشە و ئەمەیان روونکردووەتەوە بۆ ئەندامەکانیان و بۆیە پشتیوانییان لێکراوە، کە پشتیوانی ریفراندۆمیش بن لەبەر ئەوەی لەم شوێنانەش بکرێت.
رووداو: ئایا یەکێتی هیچ بە نیازە پاشەکشێ بکات لە بەڕێوەچوونی گشتپرسی لە کەرکوک؟
نەجمەدین کەریم: یەکێتی لەوانەیە یەکەم حزب بێت، کە داوای مافی چارەنووسی کردووە و بۆ پرسی گشتپرسیش یەکێتی خۆی داوای کردووە گشتپرسی بکرێت بە شوێنە دابڕاوەکانیشەوە، هەروەها نەخشە رێگای یەکێتی، کە سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی دەنگی لەسەر داوە جەختیکردووەتەوە کە لە هەموو شوێنە دابڕاوەکان گشتپرسی بکرێت. من دڵنیام یەکێتی و ئەندامان و لایەنگرانیان پابەند دەبن بەوە و لە پێش خەڵکی دیکە دەچن بۆ دەنگدانیش.
رووداو: ئومێدی چیت لەسەر بەڕێوەچوونی گشتپرسی لە کەرکوک هەڵچنیوە؟
نەجمەدین کەریم: ئومێدمان ئەوەیە، کە خەڵک دەچن بۆ دەنگدان دەنگیش دەدەن بە بەڵێ بۆ دروستکردنی وڵاتی کوردستان، من دڵنیام خەڵک دەچێت، لە مێژووی کوردستان تاوەکو ئێستا هەلی وا بۆ کەس رێکنەکەوتووە، چۆن کوردێک هەلێکی وای بەدەست بکەوێت بەفیڕۆی دەدات؟ باوەڕ ناکەم.