
روونکردنەوەیەک لە نووسینگەی سەرۆک کۆمارەوە
رۆژنامەی (ئەلحەیات)ی چاپی لەندەن لە زاری دکتۆر ئەیاد عەلاوی یەوە سەرۆکی هاوپەیمانیی “العراقیە” رایگەیاند مەسەلەی سەندنەوەی متمانە لە سەرۆک وەزیر بە پێشنیازی سەرۆک کۆماری عێراق بوە، ئەمەش مەسەلەیەکە پێچەوانەی راستیی و واقیعە .
لەگەڵ رێزدا بۆ روانینەکانی دکتۆر عەلاوی و کارە سیاسییەکەی ،ئەو لێدوانە جێی سەرسوڕمانە بە تایبەتیی کە بەشێکە لەو زنجیرە لێدوانانەی سەرکردەکانی”العراقیە ” و پەرلەمانتارو کەسە نزیکەکانی کە هەمویان یەک مەبەست و ئاماژەیان هەیە و لە یەک ئاراستەدا چڕ دەبێتەوە کە گوایە سەرۆک کۆمار “بەڵینی داوە “یاخود “پڕۆژەیەکی پێشکەشکردوە “تەنانەت”پابەندی دەستوریی دەبێت “بە سەندنەوەی متمانە لە سەرۆک وەزیر .
هەرچەندە لە بەیانەکانی پێشودا هەڵوێستی راستەقینەی سەرۆک تاڵەبانیمان لەو بارەیەوە رونکردوەتەوە کە هیچ گومانێک هەڵناگرێت، بەڵام وای دەبینین کە ناچارین جارێکی دیکە بگەڕێینەوە سەر ئەم بابەتە وخستنەڕوی ئەو پڕۆژەیەی لە دیدارەکەی 28-4-2012ی هەولێردا پێشکەشکراو نۆ خاڵی لە خۆ گرتبو ،دکتۆر عەلاوی دەزانێت کێ ئامادەی کردو پێشکەشیکرد،ئەوە فەخامەتی سەرۆک نەبو پێشنیازی بکات .پێشنیازەکەش وا بوو کە پڕۆژەکە ئاراستەی هاوپەیمانی نیشتمانی بکرێت نەک ئەنجوومەنی نوێنەران، لە کاتێکدا بە ئیجابی مامەڵەی لە تەکدا نەکرا ئەو کاتە مەسەلەکە بگۆڕدرێت بۆ سەندنەوەی متمانە.
ئامادەکەرانی پڕۆژەکە پێشنیازیان کرد وادەی مانگێک دابنرێت بۆ وەڵامدانەوە بەڵام ئەوە بەڕێز عەلاوی بو داوای کرد وادەکە کورت بکرێتەوە بۆ هەفتەیەک ،ئەوەبوو دوای گفتوگۆ رێککەوتن کرا لەسەر دووهەفتە . سەرۆک کۆمار پڕۆژە کەی ئیمزا نەکرد ، داوای لەو هەڤاڵانەی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانیش کرد کە ئامادەی دیدارەکە بون ئیمزای نەکەن. دوپاتیشیکردەوە ئەگەر هاوپەیمانیی نیشتمانی یان سەرۆک وەزیر رەتیان کردەوە پابەند بن بە پرنسیپەکان و چوارچێوەی رێککەوتنەکان ئەوا داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەکات بۆ سەندنەوەی متمانە،هاوکات داوایشیکرد کە هەوڵ چڕ بکرێتەوە بۆ پێویستیی چاکسازیی و رەتکردنەوەی تاکڕەویی لە حوکمڕانیدا ،ئەوە لە کاتێکدایە کە ئامادەبوانی دیدارەکە هەمو چاوێکیان خستبوە سەر مەسەلەی سەندنەوەی متمانە .
دواتر سەرۆک بە رەسمیی پەیامی لە هاوپەیمانیی نیشتمانیی و سەرۆک وەزیر پێگەیشت دەربارەی ئەوەی کە ئامادەن رێز لە رێککەوتن نامەکانی پێشوو و بگرن و جێبەجێشیان بکەن و بڕگەکانی “نامەی هەولێریش” رەچاو بکەن جگە لە بڕگەی سەندنەوەی متمانە .
ئەمە راستی هەڵوێستی فەخامەتی سەرۆک تاڵەبانی یە ، هەمیشە لەو روانگەیەوە سەرچاوە دەگرێت کە سەرۆکی دەوڵەتە بۆیە دەبێـت هەر بە بێلایەنیی بمێنێتەوە و سەرپەرشتیکاری کۆدەنگیی نیشتمانیی و کۆکردنەوە و یەکخستنەوەی ریزەکان بکات ، ئەگەر پشتی لایەنێکی گرت دژی لایەنێکی تر ئەوا ئەو رۆلە لەدەست دەدات .
هیوادارین ئەم بەیاننامەیە سنورێک دابنێت بۆ ئەو لێدوانە دور لە واقیع و دژ بە گیانی دیالۆگی بنیاتنەر و ئەمانەت و راستگۆیی .
نووسینگەی سەرۆک کۆمار
13-6-2012