نوچەنێت
ئەمڕۆ سەرۆکی فەرەنسا پەیوەندی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دەکات و داوا دەکات گشتپرسی دوابخات، بەڵام بارزانی رەتیکردووەتەوە و دەڵێت “گشتپرسی لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام دەدرێت و دەرگای گفتوگۆش دانەخراوە”.
رۆژی پێنجشەممە 21-9-2017، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا پەیوەندی بە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دەکات.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا داوا لە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات گشتپرسی دوابخات، بەڵام سەرۆکی هەرێمی کوردستان داواکەی رەتکردووەتەوە و گوتوویەتی “گشتپرسی لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام دەدرێت و دەرگای گفتوگۆش دانەخراوە و دوای گشتپرسی، کوردستان لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ دەکات”.
دەقی راگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان:
ڕۆژی پێنجشەممە 21-9-2017، بەڕێز مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە بەڕێز ئێمانوێل ماکڕۆن، سەرۆکی فەڕەنساوە پێگەییشت.
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆککۆماری فەڕەنسا ستایشی کوردستانی کرد و ڕۆڵی کوردستانی لە شەڕی داعش و حەواندنەوەی ئاوارە و لێقەوماوان بەرز نرخاند. هەروەها پشتیوانیی وڵاتەکەشی بۆ “یەکپارچەیی عێراق” و “مافەکانی گەلی کوردستان لەچوارچێوەی دەستووری عێراقدا” خستەڕوو و داواشی کرد ڕیفراندۆم دوابخرێت.
لە بەرانبەردا سەرۆک بارزانی سوپاسی سەرۆک و حکومەت و گەلی فەرەنسای کرد بۆ پشتگیری بەردەوامیان بۆ کوردستان، ڕاشیگەیاند ڕیفراندۆم لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام دەدرێت و دەرگای گفتوگۆش دانەخراوە و دوای ڕیفراندۆم، کوردستان لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ دەکات.