نوچەنێت
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم کۆتاییهات و لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بە چوار بڕیار دراوە و تێیدا هاتووە “لەبەر ئەوەی هێشتا ئەو بەدیلەی، کە جێگەی ریفراندۆم بگرێتەوە نەگەیشتووە و کاتی گونجاویش نەماوە، ئەگەر گرێنتی تەواو بۆ سەربەخۆیی کوردستان نەدرێت، ریفراندۆم لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەدەچێت”.
رۆژی پێنجشەممە 21-9-2017، لە سەلاحەدین، ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوویەوە و لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتە سیاسییەکان و نوێترین هەڵوێستەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و عێراق هەڵسەنگێندران.
دەقی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم:
ڕۆژی پێنجشەممە 21ـ9ـ2017، لە سەلاحەدین، ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرپەرشتی بەڕێز مەسعود بارزانی کۆبۆوە.
لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتە سیاسییەکان و نوێترین هەڵوێستەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و عێراق هەڵسەنگێندران.
کۆبوونەوەکە گەیشتە ئەو بڕیارانە:
یەکەم: لەبەر ئەوەی هێشتا ئەو بەدیلەی، کە جێگەی ڕیفراندۆم بگرێتەوە نەگەیشتووە و کاتی گونجاویش نەماوە، ئەگەر گرێنتی تەواو بۆ سەربەخۆیی کوردستان نەدرێت، ڕیفراندۆم لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەدەچێت.
دووەم: بڕیار درا، کە بەهەموو شێوەیەک دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بەکراوەیی بهێڵدرێتەوە و کاتی پێویستی پێ بدرێت.
سێیەم: کۆبوونەوە بڕیاری دا، کە بۆ ڕوونکردنەوەی دوایین هەڵوێست، شاندی دانوستانکاری ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، ڕۆژی شەممە 23-9-2017، سەردانی بەغدا بکاتەوە.
چوارەم: ئەنجونی باڵای ڕیفراندۆم بڕیاری دا، سکرتارییەتی ئەنجومەنی باڵا، هەردوو پڕۆژەی مافی پێکهاتەکان و راگەیاندنی پرەنسیپی گشتی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، پێش 25-9-2017، بڵاو بکاتەوە.