نوچەنێت: تایبەت
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان ئەندامانی پەرلەمان بانگهێشت دەکات بۆ بەشداریکردنی لە دانیشتنێکی پەرلەمان لەسەرەتای هەفتەی داهاتوو، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت “لەو دانیشتنەدا پێداچوونەوە دەکرێت بەپڕۆژە یاسای تیرۆر لەگەڵ پڕۆژە یاسای بەکرێدانی خانووبەرە”.
بەگوێرەی بانگهێشتنامەکە، کە واژۆی جەعفەر ئیمینیکی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی لەسەرە، پەرلەمان رۆژی شەممە 23-9-2017، دانیشتنی ژمارە یەکی ئاسایی خولی پاییزە ئەنجام دەدات، بۆ ئەو مەبەستە بانگهێشتی سەرجەم ئەندام پەرلەمانەکان کراوە بۆ ئەوەی لەو دانیشتنە بەشداریی بکەن.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، شیلان جەعفەر، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی کۆبوونەکە کە بانگهێشتکراون رایگەیاند: بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، دانیشتنی ژمارە یەکی ئاسایی خولی پاییزەیە و رۆژی شەممە کاتژمێر 11 نیوەڕۆ بەڕێوەدەچێت و گوتیشی “بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە پێداچوونەوە بە دوو پڕۆژە یاسا، کە ئەوانیش بریتین لە بەپڕۆژە یاسای تیرۆر لەگەڵ پڕۆژە یاسای بەکرێدانی خانووبەرە”.
