تایبه‌ت: نوچه‌نێت
به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی مه‌ڵبه‌ندی موسڵی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، پێشمه‌رگه به‌شداری له ئۆپه‌راسیۆنی گرتنه‌وه‌ی حه‌ویجه ناكات. ده‌شڵێت “ئیستا حه‌ویجه سه‌دا سه‌د عه‌ره‌به و پێشمه‌رگه خوێنی خۆی ناكاته قوربانی بۆ ناوچه‌ی عه‌ره‌بی”.
به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 21/9/2017 حه‌یده‌ر عه‌بادی، فه‌رمانده‌ی گشتی هیزه چه‌كداره‌كانی عێراق، ئۆپه‌راسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی حه‌ویجه‌ی ڕاگه‌یاند و هێزه عێراقیه‌كان له قۆڵی شرگاته‌وه ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌یان ده‌ستپێكرد، به‌بێ به‌شداری پێشمه‌رگه.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، غه‌یاس سورچی، به‌رپرسی راگه‌یاندنی مه‌ڵبه‌ندی موسڵی یه‌كیتی، سه‌باره‌ت به ده‌ستپیكردنی ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی حه‌ویجه به‌بێ به‌شداری پێشمه‌رگه ڕایگه‌یاند: پێشمه‌رگه هاوشیوه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی ته‌لعه‌فه‌ر ته‌نها سنوره‌كانی خۆی ده‌پارێزێت و هیچ به‌شداریه‌ك ناكات بۆ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی حه‌ویجه، چونكه حه‌ویجه له ئێستادا سه‌دا سه‌د بۆته ناوچه‌ی نیشته‌جێبونی عه‌ره‌بی و كوردی لێ نه‌ماوه، بۆیه پێشمه‌رگه‌ش خوێنی خۆی نارژێت بۆ خاكێك، كه هی خۆی نه‌بێت.
غه‌یاس سورچی ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، پێشمه‌رگه له سێ لاوه گه‌مارۆی حه‌ویجه‌ی داوه و هێزه عێراقیه‌كان ته‌نها ده‌توانن له یه‌ك قۆڵه‌وه به‌ره‌و حه‌ویجه پێشڕه‌وی بكه‌ن. ده‌شڵێتت “ئه‌و گروپه‌ی حه‌شدی شه‌عبی، كه له گوندی به‌شیرن ناتوانن به‌شداری له گرتنه‌وه‌ی حه‌ویجه بكه‌ن، چونكه به‌شیر زۆر دووره له ناوه‌ندی حه‌ویجه‌وه”.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی یه‌كیتی جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه، ئۆپه‌راسیۆنی حه‌ویجه ناتوانێ ببیته كۆسپ له به‌رده‌م ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی ریفراندۆم له ناوچه كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، چونكه پێشمه‌رگه به‌ته‌واوی سنوره‌كه‌ی كۆنتڕۆڵكردوه و سه‌نگه‌ره‌كانی خۆی به تۆكمه‌ی توند و تۆڵكردوه و حسابی بۆ هه‌موو ئه‌گه‌رێك كردووه.