وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگەیەندراوێک لەبارەی گشتپرسی هەرێم بڵاودەکاتەوە

0

نوچەنێت

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگەیەندراوێکی لەبارەی گشتپرسی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بە “تووندی دژی ئەنجامدانی ئەو گشتپرسییەن”، بەڵام بەدیلی پێویست بۆ ئەنجامنەدانی پێشکەش کراوە. دەشڵێت گشتپرسییەکە تاوەکو ئێستا دەستکەوتی گەورەی هەبووە و کوردستان دەتوانێ شانازی بەو دەستکەوتانەوە بکات.

هێزەر ناوێرت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند “ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە تووندی دژی گشتپرسی پلان بۆ دانراوی هەرێمی کوردستانی عێراقە لە 25ی ئەیلوول. هەموو دراوسێکانی عێراق و بە کرداری هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دژی ئەو گشتپرسییەن. ئەمریکا داوا لە سەرکردایەتیی کورد دەکات ئەو بەدیلە قبوڵ بکەن کە پێشکەش کراوە و بریتییە لە گفتوگۆی جددی و بەردەوام لەگەڵ حکومەتی ناوەند بە هاوکاری ئەمریکا، نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوبەشەکانی دیکە لەبارەی هەموو پرس و کێشەکان لەنێویاندا داهاتووی پەیوەندییەکانی بەغدا – هەولێر”.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەشڵێت “ئەگەر ئەم گشتپرسییە بکرێ، ئەوا ئەگەری گفتوگۆ لە داهاتوو لەگەڵ بەغدا کەمدەبێتەوە و ئەو بەدیلەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کە پشتگیری دەکات بۆ دانوستاندن، کۆتایی دێت”.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، گشتپرسییەکە کاریگەری خراپی لەسەر  هەموو عێراقییەکان لەنێویاندا کورد دەبێ و دەڵێت “هەر ئێستاش گشتپرسییەکە کاریگەری نەرێنی لەسەر شەڕی داعش هەبووە بۆ کۆتایپێهێنانی لەو ناوچانەی عێراق کە ماون”. 

لەبارەی ناوچە کێشە لەسەرەکان، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت “بەتایبەت بڕیاری ئەنجامدانی گشتپرسی لە ناوچە کێشە لەسەرەکان دەبێتە هۆی ناسەقامگیری و هەروەها زیاتربوونی گرژی و ئاڵۆزییەکان کە داعش و گرووپە تووندئاژۆکانی دیکە ئاواتی بۆ دەخوازن. داهاتووی ناوچە کێشە لەسەرەکان و سنوورەکانیان دەبێ لەڕێگەی گفتوگۆ و بەپێی دەستووری عێراق چارەسەر بکرێت، نەک بە رێکاری تاکلایەن و هێز”.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بەوەش دەکات، بەدیلەکەیان “چارەسەری داوا شەرعییەکانی گەلی کوردی لەخۆگرتووە” و دەڵێت “گشتپرسییەکە لەوانەیە پەیوەندییە بازرگانییەکانی کوردستان و هەموو جۆرە هاکارییە نێودەوڵەتییەکانی بخاتە مەترسییەوە، هەرچەندە هیچ یەکێک لە هاوبەشەکانی عێراق نایانەوێ ئەوە رووبدات. ئەمە بە سادەیی راستی ئەو دۆخە جددیەیە. بەپێچەوانەوە، گفتوگۆی راستەقینە و جددی لەگەڵ بەدیلەکە، کە ئێمە داوا دەکەین سەرکردەکانی کورد قبوڵی بکەن، بەڵێنی چارەسەری زۆرینەی زۆری داوا شەرعییەکانی گەلی کوردی لەخۆگرتووە، هەروەها دەبێتە هۆی دامەزراندنی پەیوەندییەکی نوێ و بەرهەمدار لەنێوان بەغدا و هەولێر، کە سوودی هەموو خەڵکی عێراقی تێدایە”.

بەبۆچوونی ئەمریکا بڕیاری ئەنجامدانی گشتپرسی لە ئەگەری رەتکردنەوەشی “دەستکەوتی گەورەی بۆ کوردستان هەبوو کە مایەی شانازین”. دەشڵێت “کورد دەتوانێ شانازی بە دەستکەوتەکانی گشتپرسییەکەوە بکات کە تاوەکو ئێستا بەهۆی بڕیاری گشتپرسییەوە بەدەستیهێناون، لەنێویاندا یەکگرتوویی ناوخۆیی، دەستەبەکاربوونەوەی پەرلەمان بۆ یەکەمجار دوای دوو ساڵ، هەروەها بردنە پێشەوەی کۆمەڵێک پرسی گرنگ بۆ ئاستی نێودەوڵەتی، لەگەڵ هاوپەیمان و هاوڕێکانی کە دەیانەوێ رۆحیەتی ئەو هاوئاهەنگییەی لەنێوان هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی دژی داعش هەیە بەهێزتر بکەن بۆ یارمەتیدانی کێشە هەڵپەسێردراوەکان. بەداخەوە، گشتپرسییەکەی هەفتەی داهاتوو مەترسی دەخاتە سەر هەموو ئەو هەوڵانە و زیاتریش”.

لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە “ئێستا ئەم گشتپرسییە هەموو ئەو بەدیلانەی پێدراوە کە پێویست بوون و لەلایەن ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاڵپشتی دەکرێت”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com