نوچەنێت-ئاژانسەکان
لە راگەیەندراوێکدا 33 پەرلەمانتاری ئەوروپی پشتگیری خۆیان بۆ گشتپرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان راگەیاند و داوا لە یەکێتی ئەوروپا دەکەن، تەنیا جەخت لە یەکێتی و سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق نەکرێت و رێز لە خواستی کورد بگرن.
رۆژی چوارشەممە 20-9-2017 لە برۆکسل-ی پایتەختی سیاسی ئەوروپا 33 پەرلەمانتاری یەکێتی ئەوروپا، کە هەموویان ئەندامی (گروپی دۆستایەتی کوردستان لە پەرلەمانی ئەوروپا)ن، بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە.
پەرلەمانتارەکانی یەکێتی ئەوروپا ئاماژەیان بە مێژووی کورد لە “یەک سەدە لە نەهامەتی و چەوسانەوە لەسەر دەستی رژێمە یەک لەدوا یەکەکانی عێراق کردووە” و لە راگەیێندراوەکەیاندا هاتووە ”خەڵکی کوردستان مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆی هەیە، کە ئەوەش لە جاڕنامەی مافە بنەڕەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا چەسپاوە”.
پەرلەمانتارانی ئەوروپا ئاماژەیان بە ئەزموونی کوردستان لە خۆبەڕێوەبردن کردووە و دەڵێن ”لە دەیەی رابردوودا کوردەکان لە عێراق مۆدێلێکی سیاسییان پەیڕەو کرد، کە تێیدا مافی تێکڕای پێکهاتەکان و هەروەها یەکسانی نێوان ژن و پیاو دەستەبەرکراوە”.
لە راگەێیندراوەکەدا رۆڵی کورد لە بەرەنگاربوونەوەی داعش بەرزنرخێندراوە و تێیدا هاتووە ”کوردەکان بە خوێن و ماڵ قوربانیان دا” و کوردستان 1.8 ملیۆن ئاوارەی ناوخۆی عێراق و سوریای لەخۆگرتووە. ئێمە دڵنیاین، کە کوردستانێکی بەهێز و دیموکراتی بنکەفراوان، دەبێتە فاکتەری سەقامگیری بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست”.
پەرلەمانتارانی یەکێتی ئەوروپا داوا لە لایەنی جێبەجێکار لە یەکێتی ئەوروپا دەکەن، کە ستراتیژێکی نوێ بەرامبەر عێراق دابڕێژێ، کە بگونجێ لەگەڵ واقیعی نوێی عێراقدا.
ئەو 33 پەرلەمانتارەی یەکێتی ئەوروپا هەروەها داوا دەکەن، کە لە راگەیەندراوە فەرمییەکاندا تەنیا جەخت لە یەکێتی و سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق نەکرێت و هاوکات ئاماژە بە خواستی رەوای خەڵکی کوردستان بکرێت و رێز لەو خواستە بگیرێت.
بڵاوکردنەوەی ئەو راگەیەندراوە لە کاتێکدایە، کە ئەمڕۆ فێدریکا مۆگیرینی نوێنەری باڵای سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە، کە تێیدا دیسان ئاماژە بە پشتگیری یەکێتی ئەوروپا بۆ سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق کردووە”.
گروپی دۆستایەتی کوردستان لە پەرلەمانی ئەوروپا، لە کۆتایی ساڵی 2014 راگەیەندرا و ئێستا 33 پەرلەمانتار لە تەواوی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی ئەوروپا، کە خەڵکی 20 وڵاتی جیاوازن تێیدا ئەندامن.