بارزانی: لە عێراق بە هەمان عە‌قڵیەتی حکومەتەکانی پێشوو حکوم دەکرێت

0

نوچەنێت

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداری کەرنەڤاڵی سلێمانی بۆ پشتگیری سەربەخۆیی کرد و رایگەیاند، دەوڵەتێکی دینی و مەزهەبی حاکمە لە عێراق، کە شەراکەتی قبووڵ نییە و بە هەمان عە‌قڵیەتی حکومەتەکانی پێشوو حکوم دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 20-9-2017 مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداری کەرنەڤاڵی سلێمانی بۆ پشتگیری گشتپرسیی سەربەخۆیی کوردستانی کرد.

بارزانی گوتی “سلێمانی بە شاری “کوردایەتی و هەمیشە پێشەنگە لە خەبات و تێکۆشانە و شانازییە بۆ من لە شاری هەڵمەت و قوربانی و پایتەختی رۆشنبیری و کوردایەتییەوە، بڵێم بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان”.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند “من دڵنیام ئەمڕۆ ئێوە پێشەنگ دەبن، کە لە 25ی مانگ بڵێن بۆ سەربەخۆیی، من دڵنیام سلێمانی قەت قبووڵ ناکات نە مەحکومی کەس و نە سوخرەکێشی کەس بێت”.

بارزانی لەبارەی گشتپرسییەوە گوتی “ریفراندۆم ئەمڕۆ بابەتی سەرەکییە، بووەتە ئەجێندای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دەبینن لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان باس باسی کوردستانە، ئەمە بەرهەمی خوێنی شەهیدانە و ئەنجامی یەکڕیزیی و ئیرادەی بەهێزی گەلەکەمانە، ریفراندۆم بڕیاری گەلی کوردستانە، بڕیاری یەک حیزب و دوو حیزب نییە”.

سەبارەت بە بەدیلەکانی دواخستنی گشتپرسی، بارزانی گوتی “لە لیژنەی باڵای ریفراندۆم باس لەوە کراوە، کە ئەگەر بەدیلێکی باش هەبێ لە جێگەی ریفراندۆم گەلی کوردستان قبووڵی دەکات، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئیستا ئەو بەدیلە بەردەست نییە”.

دەقی گوتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

سلێمانی، جەماوەری شاری شێخ مەحموود، نالی، پیرەمێرد، بێکەس، مەحوی و سالم، شاری هەڵمەت و قوربانی، پایتەختی رۆشنبیری چ رۆژێک لەم رۆژە خۆشترە بۆ من، چ شانازییەک لەوە گەورەترە بۆمن کە پێکەوە لەم شارە خۆشەویستە بڵێین: بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان. من هەمیشە دڵنیابووم کە سلێمانی هەمیشە پێشەنگە لە خەبات و تێکۆشان لە ساڵی 1925 و 1930 و 1963 تەحەددای سدیق مستەفایان کرد و گەنجەکانی سلێمانی مەردانە بەرامبەر بە سدیق مستەفا وەستان و مردنیان هەڵبژارد بەڵام قبوڵیان نەکرد لەبەرچاوی دووژمنێک سووکایەتی بە وێنەی مەلا مستەفای بارزان بکرێ. سلێمانی مەڵبەندی کوردایەتییە، لە ساڵی 1943 بارزانی لە سلێمانییەوە گەڕایەوە بۆ بارزان، بە هاوکاری و پشتیوانی شێخی نەمر و مەلیکی گەورەمان شێخ مەحموود بوو. من دڵنیام ئەمڕۆش ئێوە پێشەنگ دەبن کە لە 25ی مانگ بڵێن بۆ سەربەخۆیی، من دڵنیام سلێمانی قەت قبوڵ ناکات نە مەحکومی کەس و نە سوخرەکێشی کەس بێ.

بابەتی ریفراندۆم ئەمڕۆ بابەتی سەرەکییە، بووەتە ئەجێندای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دەبینن لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان باس باسی هەرێم و کوردستانە، ئەمە بەرهەمی خوێنی شەهیدانە، رەنجی ئێوەیە، ئەمە ئەنجامی یەکڕیز و ئیرادەی بەهێزی گەلەکەمانە، ریفراندۆم بڕیاری گەلی کوردستانە، بڕیاری یەک حیزب و دوو حیزب نییە، بەڵام بۆ ئەم بڕیارەدرا؟ چونکە بەغدا شەراکەتی نەهێشت، دەستووری پێشێلکرد، ئەمڕۆ باسی دەستوور دەکەن، هەر ئەو دەستوورە رێگەی بە ئێمە داوە ریفراندۆم بکەین. لە دیباجەی دەستوورەکەیاندا هاتووە ” ان التزامە بهزا الدستور، یحفز للعراق اتحادە الحر” دەڵێ (اتحادە الحر)، واتە پێکەوەژیانێکی ئارەزووماندانە بووە، ئێمە دوای 2003 بە ئارەزووی خۆمان چووینەوە بۆ بەغدا بۆ ئەوەی عێراقێکی دیموکراتی فیدراڵ و دەوڵەتێکی مەدەنی دروستبکەین، بەڵام بەداخەوە هیچ ئیلتیزامێکیان بەو هەموو رێکەوتن و دەستووریشەوە نەکرد، بۆیە گەلی کوردستان ناچاربوو بڕیاری دیکە بدات.

بڕیاربوو لە عێراق دەوڵەتێکی دیموکراتی فیدراڵی دروستبکرێ، بەڵام بەداخەوە ئێمە ئەمڕۆ دەبینین دەوڵەتێکی دینی مەزهەبی حاکمە لە عێراق، کە ئەمە ناگونجێ لەگەڵ ئەو بنەمایانەی کە ئێمە لەسەری رێککەوتین، خەڵکێک دەیانگوت ریفراندۆم رای دوو حیزب و سێ حیزبە و هی گەلی کوردستان نییە، لەسەرەتاوە وا هەستیان دەکرد ئەمە تەنها کارتێکی فشارە بەکاردێ، بۆیە زۆر ئیهتیمامیان پێ نەدا، ئەگینا زۆر لەمێژە ئەم بابەتە باسدەکرێ لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، تەنانەت پارساڵ کاتێک وەفدێکمان چووە بەغدا پێمان گوتن”برادەرینە وەرن با ببینە دراوسێیەکی باش” ئەو وەختە رای هەموویان زۆر نەرمبوو، بەڵام هەندێکیان تووشی وەهمبوون وایانزانی کە ئێمە لەنێوخۆماندا تەبانین و دووبەرەکی درستدەبێ، بەڵام هەموویان بەهەڵەدا چوون، زانیان کە خەڵک و جەماوەری کوردستان بۆ پرسی نەتەوەیی و سەربەخۆیی، هەموومان یەکین، یەک حیزبین و یەکدەنگین، ئەمڕۆ بۆ سەربەخۆیی هەموومان لەژێر چەتری حیزبی کوردستانین. ئێستاش کە بینیان یەک هەڵوێستی و یەکڕیزی هەیە و پەرلەمان کاراکرایەوە نییەتی هەموولایەک دەرکەوت، کە بەغداش بینی هەڵوێستی نێودەوڵەتی تۆزێک تووندتر بووە ئەوانیش تەشجیع بوون کە هەموو پێشنیارێک رەتبکەنەوە، ئەگینا ریفراندۆم ئامرازە بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی پیرۆز ئەویش سەربەخۆییە.

لە لیژنەی باڵای ریفراندۆم باس لەوە کراوە کە ئەگەر بەدیلێکی باش هەبێ لە جێگەی ریفراندۆم گەلی کوردستان قبوڵی دەکات، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئیستا ئەو بەدیلە بەردەست نییە، ریفراندۆم هەنگاوێکی یاسایی و ئاساییە، تاوان نییە، گەلێکی غەدرلێکراو دوای 100 چەوساندنەوە و زوڵم داوای دەکات، ئێمە پێمانوایە رەنگە زۆریان بەهەڵە تێگەیشتبن، ریفراندۆم کۆتایی دونیا نییە، بڕیاری گەلی کوردستانیش نییە کۆتایی بە هەموو شتێک بێنی، ناشبێ رێگە لە گەلی کوردستان بگیرێ کە تەعبیر لە رای خۆی بکات، ئێمە ئامادەین دوای ریفراندۆم بکەوینە گفتوگۆیەکی جدی و راستگۆیانە و دۆستانە لەگەڵ بەغدا و بەهاوکاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بۆ ئەوەی هەموو کێشەکان چارەسەربکەین، وە ئەگەر وەختیشی پێویستبێ ساڵێک ئەوپەڕی دوو ساڵ دەتوانین لەم ماوەیەدا هەموو گرفتەکان چارەسەربکەین، ئینجا بە خۆشی بڵێین خوداحافیز و بڵێین 100 ساڵە داواتان لێدەکەین شەریک بین ئێوە قبوڵتان نەکرد، ئێستاش با جیرانی یەکدی بین. خودا حافیز، برای ئێوەین دۆستی ئێوەین ئێوەش برای ئێمە بن، عومقی ئیوەین و ئێوەش عومقی ئێمە بن، بەڵام قبوڵنەکردنی گشتپرسی ئەمە مانایەکی زۆری هەیە، واتە ئینکاری مافی تۆ دەکەن، ئێمە دەمانەوێ جارێکیتر کوردستان کیمیاباران و ئەنفال نەکرێ، هەڵەبجە و غەیری هەڵەبجە شەهید نەکرێ، هەرگیز نابێ ئەو دیمەنانە لەبیربکەین کە دایک بەسەر کۆرپەکەیدا کەوتووە و بە ژەهری کیمیایی شەهیدبوون، نابێ ئەم دیمەنانە لەم وڵاتە دووبارە ببنەوە.

جەماوەری خۆڕاگر و تێکۆشەری سلێمانی، هەڵەبجە و راپەڕین، ئێمە لە 2003 هەڵەیەکی گەورەمان کرد گەڕاینەوە بۆ بەغدا، ئێمە وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆمان هەبوو، بەڵام بەنیەتێکی پاک گەڕاینەوە عێراقێکی فیدراڵی دیموکرات دروستبکەین، بەڵام بەداخەوە تەنها دەموچاو گۆراون لە بە‌غدا، ئەگینا فەرهەنگی قبوڵنەکردنی لایەنیتر هەمان فەرهەنگە.

خوێنی لاوان و رەنجی ئەم گەلە پیش سەدەی رابردووش بۆ سەربەخۆیی بووە، سەید عوبەیدوڵڵای نەهری، شێخ عەبدولسەلام، شێخ ئەحمەدی بارزان، شێخ مەحموودی حەفید، شێخ سەعید، سەید رەزا، قازی و بارزانی هەموویان بۆ سەربەخۆیی خەباتیان کردووە و ئەم رێگایە ئەوان نەخشاندوویانە.

خۆزگە ئێستا برای بەڕێزم جەنابی سەرۆک مام جەلال تەندروستی رێگەی دابا پێکەوە ئەم ئەرکەمان هەڵگرتبا، کە زۆر ئاسانتر و سەرکەوتووتر دەبوو، لێرەوە سڵاوی بۆ دەنێرم و تەمەننای شیفای بۆ دەکەم پێی دەڵێم هەرگیز برایەتیت و رۆڵی گەورەت لەیادناکرێ برای خۆشەویستم سەرۆک مام جەلال. 

هەموومان لە یەک پاپۆڕداین، راستە جیاوازییە سیاسییەکان زۆر ئاساییە و زۆریش خۆشە بەڵام بۆ ئەوەی کێ زیاتر و باشتر خزمەتی گەلەکەی بکات، بەڵام نەک بۆ ملشکاندنی یەکدی و رێگەخۆشکردن بۆ دووژمنان و ناحەزان بۆ ئەوەی درز دروستبکەن و خەنجەرمان لە پشتەوە لێبدەن. ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بە یەکڕیزیی و برایەتییە، کوردستان بۆ هەموو ئایین و مەزهەب و نەتەوەکانە.

لە کۆتاییدا یەک دونیا سوپاسی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست دەکەم ، هەمیشە بیروباوەڕم بە کورد و کوردستان بەهێزبووە، بەڵام بەراستی ئەمڕۆ بیر و باوەڕی منتان ئەوەندەی دیکە بەهێزترکرد.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com