نوچەنێت-رووداو
دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی سەرۆکایەتی روسیا (کریملین) رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی پشتیوانی لە یەکپارچەیی هەموو وڵاتێکی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات، بەڵام ئێستا قسە لەسەر دانپێدانان بە ئەنجامی گشتپرسی ناکەن.
ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی سێشەممە 19-9-2017 حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گلەیی لە هەڵوێستی روسیا لەبارەی گشتپرسی باشووری کوردستان کرد.
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی هەڵوێستی مۆسکۆ لەبارەی گشتپرسی هەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی، گوتەبێژی کریملین گوتی “هەڵوێستی روسیا لەگەڵ یەکپارچەیی خاکی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە”.
دیمیتری پیسکۆڤ، لەبارەی دانپێدانان بە ئەنجامی گشتپرسییەکەدا رایگەیاند، نایەوێ قسە لەسەر ئەوە بکات کە ئەنجامی دەنگدانەکە قبوڵ دەکەن یان نا.
روسیا چاوی لەوەیە پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ کوردستان پەرەپێبدات، بڕیارە کۆتایی ئەمساڵ کۆمپانیای رۆسنەفتی رووسی و حکومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتنێکی گەورە بۆ دەرهێنانی گازی سرووشتی و راکێشانی بۆری گاز بۆ تورکیا و ئەوروپا ئەنجامبدەن، کە بەپێی رێککەوتنەکە رۆسنەفت بڕی یەک ملیار دۆلار تەرخان دەکات بۆ راکێشانی بۆری گازی سرووشتی بۆ تورکیا. بۆری هەناردەکردنی گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان توانای گواستنەوەی ساڵانە 30 ملیار مەتری سێجا گازی سرووشتی هەیە.