پارێزەر و دادوەرانی کوردستان بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق رەتدەکەنەوە

0

نوچەنێت

پارێزەر و دادوەرانی کوردستان بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق رەتدەکەنەوە و پاڵپشتی خۆیان بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان پیشاندەدەن. نەقیبی سەندیکای پارێزەرانی کوردستانیش دەڵێت، کار بە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ناکەن و ئەو بڕیارە لای ئەوان رەتکراوەیەوە، چونکە بڕیارێکی سیاسی و تائیفییە.

رۆژی دووشەممە 18-9-2017، دادگای فیدراڵی عێراق بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامانی كۆبووەوە و لەو داواكارییانەی كۆڵییەوە كە داوای راگرتنی رێكارەكانی ئەنجامدانی گشتپرسی دەکەن، پاشان ئەنجامدانی گشتپرسی رەتکردەوە و بە کارێکی نایاسایی و نادەستووری لەقەڵەمی دا.

حاکم بەختیار حەیدەر، نەقیبی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، رۆژی چوارشەممە 20-9-201، لەکاتی بەشداریکردنی لە گردبوونەوەی پارێزەر و دادوەرانی کوردستان دژی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی ئەنجامدا و رایگەیاند: “ئەمڕۆ وەکو پارێزەر و دادوەرانی کوردستان لەبەردەم دادگا گردبووینەتەوە بۆئەوەی پەیامی خۆمان بگەیێنینە خەڵکی کوردستان و دەسەڵاتدارانی بەغدا بە پەرلەمان و حکومەت و دادگای باڵای فیدراڵی و وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی دەرەوە”.

بەختیار حەیدەر دەڵێت: “ئێمەی خێزانی دادوەری هەر هەموومان پاڵپشتی ئەنجامدانی گشتپرسین، هاوکات هەر هەمووشمان بە بەڵێ بۆ دەنگدان دەچین”.

نەقیبی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان پەیامێک ئاراستەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دەکات و دەڵێ: “بەداخەوە بڕیارێکتان دەرکردووە کە تەنیا ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە سیاسی و تائیفییە، بۆیە ئێمە ئیدانەی ئەو بڕیارە دەکەین، هاوکات پێشیان دەڵێین کار بە بڕیارەکەتان ناکەین، لای ئێمە ئەو بڕیارە رەتکراوەیە، چونکە ئێمە بە یاسا و دەستوور کاردەکەین”.

بەختیار حەیدەر دەشڵێت: “تەنانەت بڕیارەکانی حکومەت و پەرلەمانی عێراق دژی گشتپرسی و لادانی پارێزگاری کەرکووک پێشێلکردنی یاسا و دەستوورن، بۆیە ئێمە بە هیچ یەکێک لەو بڕیارانە پابەند نابین”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com