تایبه‌ت: نوچه‌نێت
ئەمڕۆ له شاری سلێمانی و له یاریگای نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی به ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان کەرنەڤاڵێک ساز دەکرێت و سه‌ركرده‌یه‌كی باڵای یه‌كگرتوو دەڵێت “به شاندێكی باڵا به‌شداری كه‌رنه‌ڤاڵی پشتگیری ریفراندۆم ده‌كات له سلێمانی و گوتی “ریفراندۆم موڵكی سه‌رجه‌م خه‌ڵكی كوردستانه، نه‌ك هیچ كه‌س و لایه‌نێك”.
بڕیاره ئێوارەی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 20/9/2017 له شاری سلێمانی و له یاریگای نێوده‌وڵه‌تی سلیمانی، به ئاماده‌بونی مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و لایه‌نه‌كانی ناو ئه‌نجومه‌نی باڵای ریفراندۆم، كه‌رنه‌ڤاڵی پشتگیری لە ریفراندۆم سازبكرێت.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، د. محمد ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كگرتووی ئیسلامی کوردستان، سه‌باره‌ت به به‌شداری حزبه‌كه‌ی له كه‌رنه‌ڤاڵەکە رایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ یه‌كگرتوو به شاندێكی باڵا، وه‌ك پشتگیرییه‌ك بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم و سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌كه، به‌شداری له كه‌رنه‌ڤالی پشتیوانی ریفراندۆم ده‌كات له یاریگای نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی.
د. محمد ئه‌حمه‌د، سه‌باره‌ت به بانگەشەنه‌كردنی ریفراندۆم له میدیاكانی حزبه‌كه‌یه‌وه ده‌ڵێت “یه‌كگرتوو و میدیاكانی، وه‌ك پرسێكی نیشتمانی له ریفراندۆم ده‌ڕوانن و نایانه‌وێ بیكه‌نه پرۆسه‌یه‌كی حزبی، بۆیه له كه‌ناڵه‌كانی خۆیه‌وه بانگەشە بۆ ریفراندۆم ناكات، چونكه ئه‌گه‌ر هه‌ندێ كه‌ناڵ پشتگیری ریفراندۆم بكه‌ن و هه‌ندێكی دیكه نه‌یكه‌ن، ئه‌وا راسته‌وخۆ پرسی ریفراندۆم ده‌بێته پرسێكی حزبی و ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌وه نین.
ناوبراوئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، ریفراندۆم مافی گه‌لی كورده و موڵكی سه‌رجه‌م خه‌ڵكی كوردستانه، هی هیچ حزب و كه‌سیك نییه.