نوچەنێت: تایبەت
پەرلەمانتارێکی پارتی رایدەگەیەنێت، ئێستا پەرلەمان کاراکراوەتەوە، بۆ ئەنجامدانی دانیشتنەکانیش چاوەڕێی هیچ لایەنێك ناکات و دەشڵێت “کار بۆ ئەوە دەکرێت پێش گشتپرسی دانیشتنێکی دیکە بکرێت”.
دوای نزیکەی دوو ساڵ لە پەکخستنی، پەرلەمانی کوردستان، بە هۆی ناکۆکی سیاسی نێوان پارتی و بزووتنەوی گۆڕان، رۆژی هەینی 15-9-2017 کاتژمێر 7 ئێوار، پەرلەمانی کوردستان بەسەرۆکایەتی جەعفەر ئیمینکی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان یەکەم کۆبوونەوەی دەستیپێکرد، لە دانیشتنەکەدا 68 پەرلەمانتار بەشدار بوون و لەیەکەم کاریشیدا بڕیاری گشتپرسی پەسەندکرد، تائێستاش بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی، ئامادەنین بەشداری کۆبوونەوەکانی داهاتوو بکەن.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، مەردان خدر، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت دانیشتنەکانی پەرلەمان بەبێ گۆڕان و کۆمەڵ رایگەیاند: ئێستا پەرلەمانی کوردستان کاراکراوەتەوە و دانیشتنە ئاسایییەکانی خۆی ئەنجام دەدات و چاوەڕێی هیچ لایەنێكیش ناکات، چونکە دەرگای پەرلەمان کراوەیەوە بۆ هەموو فراکسیۆن و پەرلەمانتارەکان. گوتیشی، پەرلەمان کاری خۆی دەکات و کەس رێگری لێ نەکردوون بۆ ئەوەی بەشداری دانیشتنەکانی پەرلەمان بکەن.
هەروەها لەبارەی دانیشتنەکانی پەرلەمانەوە ئاماژە بە ئەوە دەکات، لەرووی یاساییەوە هیچ گرفتێکی نەماوە و دەڵێت “بەپێی ماددەی 18 لەبڕگەی یەك، لەکاتی ئامادەنەبوونی سەرۆکی پەرلەمان بەهەر هۆیەك بێت، جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەتوانێت مومارەسەی هەموو دەسەڵاتەکانی سەرۆکی پەرلەمان بکات و سکرتێرێکی نوێش هەڵبژێردرێت”.
مەردان خدر دەشڵێت “دەستەی سەرۆکایەتی ئێستای پەرلەمان کار بۆ ئەوە دەکەن، کە پێش ئەنجامدانی گشتپرسی، دانیشتنێکی دیکە بکرێت، کە تایبەتە بەپرسی موچە و دانانی سیستەمێکی نوێی موچە”.