عەمید سەرحەد قادر: ئەوەی لەتوانامان دابێت دەیکەین بۆ سەرخستنی گشتپرسی

0

نوچەنێت: تایبەت

لایەنە سیاسیەکانی باشوری کوردستان لە کەرکوك دەستان بە بانگەش بۆ پڕۆسەی گشتپرسی کرد و پۆلیسی قەزاو ناحیەکانی کەرکوكیش دڵنیایی دەداتە خەڵکی شارەکە و دەڵێت “ئەوەی لە تواناماندابێت دەیکەین بۆئەوەی پڕۆسەی گشتپرسی بەسەرکەوتویی بەڕێوەبچێت”.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی کەرکوك، سەبارەت بە پلانە ئەمنیەکان بۆ پاراستی خەڵکی ناوچەکە لەکاتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی گشتپرسی لەو ناوچانە رایگەیاند: سەرجەم هێزە ئەمنیەکانی کەرکوك لەحاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیان و پارێزەری ئەوان دەبین، بۆیە ئەوەی لە تواناماندابێت، دەیکەین بۆئەوەی پڕۆسەی گشتپرسی بەسەرکەوتویی بەڕێوەبچێت، لەهەمان کاتدا پێویستیمان بە هەماهەنگی زیاترە بۆئەوەی هاوڵاتیان هاوکارمانبن و بەیەکەوە بتوانین ئەمنیەتی شارەکە بپارێزین. 

سەرحەد قادر زیاتر گوتی “بەو پێیەی شاری کەرکوك جیاوازە لە پارێزگاکانی دیکە، بۆیە هێزە ئەمنیەکان شەو و رۆژیان خستووەتە سەریەك بۆ پاراستنی ئەمنیەتی شارەکە، بۆیە لەشەڕ و ململانێیەکی تونداین، ئێمە ئەمانەوێت ئاسایش بەرقەرار بکەین، بەڵام ئەوان ئەیانەوێت تێکیبدەن، بەتایبەتی داعش و ئەفکارە داعشیەکان”.

بەڕێوبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی کەرکوك هەروەها دەڵێت “داوا لە هاوڵاتیان دەکەین لە کاتی دەر بڕینی خۆشی و بانگەشە بۆ گشتپرسی بەئارامی بەڕێوەبچێت و بەرامبەراکانیان ئیستیفزاز نەکەن، چونکە کەرکوك شاری پێکەوە ژیان و برایەتیە، بۆئەوەی کەسانێك ئەو هەلە نەقۆزنەوە، کە بیانەوێت بارودۆخەکە تێکبدەن”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com