نوچەنێت
کۆسرەت رەسوڵ لە میانی کەرنەڤاڵی پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان لە کەرکوک رایگەیاند “هیچ حیسابێک بۆ بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق لە دژی پارێزگاری کەرکوک ناکەن”.
نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکوک، لە کەرنەڤاڵەکەی کەرکوکدا، کە بۆ پشتیوانیکردن لە سەربەخۆیی کوردستان ڕێکخرا ڕایگەیاند: رۆژی 25ی ئەم مانگە، ڕۆژی چارەنووسی خەڵکی کوردستانە، ڕۆژی بەرەوپێشچوونە بۆ ڕیفراندۆم، تا جارێکیتر بۆ هەموو دونیای بسەلمێنین، کە ئەم خاکە خاکی کوردستانە.
جەختیشی لەوە کردەوە ”ئەمڕۆ هەموو لێرەین لە سایەی پێشمەرگە قارەمانەکانمان. لە سایەی ئەو شەهیدانەی کە خوێنی خۆیان بەخشیوە بۆ ئەوەی کورد و عەرەب و تورکمان و کلد و ئاشووری بتوانن لەم شارەدا بە خۆشی بژین“.
هەر لە کەرنەڤاڵەکەدا، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ڕایگەیاند ”کەرکوک شاری برایەتی و تەباییە، شاری پێکەوەژیانی کورد و عەرەب و تورکمان و ئاشووری و کلدانە، کە بەبێ جیاوازی پارێزراون و دەیانپارێزین“.
کۆسرەت ڕەسول ئەوەشی روونکردەوە، کە داوایان لە خەڵکی کوردستان کردووە، بە بەشداریکردن لە ڕیفراندۆم، چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن. گوتیشی ”لەم ڕۆژانەدا بەغدا بڕیارێکی لە دژی نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکوک دەرکرد، ئێمە هیچ حیساب بۆ بڕیارەکەی بەغدا ناکەین“.