نوچەنێت
گوتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان، رایگەیاند، كوردانی تاراوگە لە 23ی مانگەوە دەتوانن خۆیان تۆمار بكەن و ڕاستەوخۆش دەنگ بدەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 18/9/2017 شێرزاد زرار، گوتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان، لە میانەی پرێس كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند “پێشتر لەسەر دەنگدانی ئەلیكترۆنی كێشەمان هەبوو، بەڵام لەسەر داوای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و كوردانی تاراوگە، ئەنجومەنی كۆمیسیاران لەگەڵ كۆمپانیایەك گرێبەستی ئەنجام دا بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتە، بۆ ئەوەی بتوانن لەڕێگەی ڕەگەزنامەی عێراقییەوە دەنگ بدەن”.
گوتەبێژەكەی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد “ئەنجومەنی كۆمیسیاران بڕیاری داوە، كە ڕەگەزنامەی عێراقی لەبری فۆرمی خۆراک بۆ دەنگدان بەكار بهێنرێت، هەروەها كوردانی تاراوگەش دەتوانن لە ڕۆژانی 23، 24 و 25ی ئەیلوولدا ناوی خۆیان تۆمار بكەن و ڕاستەوخۆش دەنگ بدەن”.
زرار ڕوونیشی كردەوە “لیستی ناوی مردووانیان پێگەیشتووە، كە لە 65 هەزار كەس پێكهاتووە، ئێستاش لەلایەن فەرمانگەی داتاكان لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكانەوە كاری جددی لەسەر دەكرێت”.
لە ڕۆژی 7/6/2017 بە بڕیاری مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بڕیار درا لە 25ی ئەیلوول ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێت.