نوچەنێت: تایبەت
سەرۆکی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، سەرۆکایەتی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان و سەرۆکی چەند لیژنەیەک کۆدەبێتەوە، تایبەتە بە موچە و گوزەرانی خەڵکی کوردستان.
بە گوێرەی نوسراوێکی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان رۆژی دووشەممە 18-9-2017، سەرۆکایەتی “جێگر و سکرتێر”ی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان و سەرۆکی لیژنەکانی یاسایی، دارایی و کاروباری ئابووری، دەستپاکی و سەرچاوە سرووشتییەکان کۆدەبێتەوە و ئامانج لە کۆبوونەوەکە ئامادەسازییە بۆ دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، د. عیزەت سابیر، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی و سەرۆکی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری لەپەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: کۆبوونەوەکەی سبەی تایبەت دەبێت بەدانانی بەرنامەی کاری پەرلەمان بۆ بۆدانشتنێکی پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە موچە و گوزەرانی خەڵکی کوردستان.
د. عیزەت سابیر ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەی سبەی هیچ لیژنەیەکی حکومەتی هەرێم بەشدار نابێت، جگە لە لیژنەکانی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان.
