ئەبوبەکر کاروانی: گشتپرسی وایکرد زیاتر کەموکورتییەکانی ناوخۆ و بەرانبەراکانمان بناسین

0

نەوزاد عەلی چوچانی

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان رایدەگەیەنێت، ناکرێت دواخستنی گشتپرسی یەکسان بێت بە دەستبەردار بوونی گشتپرسی و دەشڵێت “ورووژاندنی وایکرد، ئێمە زیاتر کەموکورتییەکانی ناوخۆ و بەرامبەراکانمان بناسین”.

بڕیارە 25-9-2017 گشتپرسی هەرێمی کوردستان بۆجیابوونەوە لە عێراق ئەنجامبدرێت، و تائێستاش سەرکردایەتی کورد سوورە لەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەکە، ئەمەش لەکاتێکدایە، کە فشارێکی زۆر لەسەر سەرکردایەتی کوردە بۆ دواخستنی گشتپرسیەکە و سەرکردایەتی کوردیش لەبەرامبەردا دوای گرنتی یەک دەکات، کە جێگرەوەی گشتپرسی بێت و نزیکیان بکاتەوە لەسەربەخۆیی.

لەلێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، ئەبوبەرکر کاروانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، سەبارەت بە ئەگەری دواخستنی گشتپرسی رایگەیاند: ناکرێت دواخستنی گشتپرسی یەکسان بێت بە دەستبەرداربوونی گشتپرسی، بۆیە دەبێت لەبەرامبەر دەستکەوتێك دوابخرێت، کە لانیکەم قۆناغێکی تر نزیکمان بکاتەوە لە سەربەخۆیی کوردستان. گوتیشی “مەرج نییە ئێمە بە سیاسەتی هەمووی یان هیچ مامەڵە بکەین، بەڵکو ئەگەر زانیمان لە بەرژەوەندیمانە پێویستە بڕۆین لەگەڵ ئەنجامدانی گشتپرسییەکە، ئەگەرنا سەربەخۆیی بکەین بە قۆناغ و گشتپرسییەکە وەکو کارتێك بەکار بهێنین بۆ بڕینی قۆناغێکی گرنگ بەرەو سەربەخۆیی”.

ئەو کەسایەتییە سیاسییە لەبارەی دواخستنی گشتپرسی زیاتر روونیکردەوە و گوتی “دەبێت ئەم بابەتە زیاتر لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت، لەبەر ئەوەی لەئێستادا رەتکردنەوەیەکی زۆر لەجیهاندا هەیە و لەبەرامبەریشدا ئیرادەیەکی کوردی هەیە، بۆیە پێویستە هەموو رەهەندەکانی تاوتوێ بکرێت و ئەو سیناریۆیانەش لەبەر چاوبگیرێت، کە لەدوای ئەنجامدانی گشتپرسی دروست دەبێت”.  

کاروانی دەڵێت “ورووژاندنی بابەتی گشتپرسی هەرێمی کوردستان، وایکرد ئێمە زیاتر کەموکورتیەکانی ناوخۆمان، عێراق، هەرێمەکە و جیهانیش بناسین. هەروەها چانس و هەڕەشەکانی بەردەممان بناسین، ئەگەر لە ئاستێکی نیشتمانی بەرزدا وەکو ئەزموونێك سەیری بکەین، دەکرێت لە داهاتوودا بەرچاو روونانەتر و پێداگرانەتر خزمەت بە دۆزی نەتەوایەتی خۆمان بکەین”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com