نوچه‌نێت – فۆرین پۆلیسی
برنارد هنری لیفی بیرمه‌ندی فه‌ره‌نسی ده‌ڵێت ” ئه‌و دڵه‌ڕاكوكێ و دوودڵییه‌ی ئێستا كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی تێكه‌وتوه سه‌باره‌ت به گشتپرسی كوردستان بۆ سه‌ربه‌خۆیی، خه‌ریكه ده‌بێته تێكه‌ڵه‌یه‌ك له شه‌رمه‌زاری و شوره‌یی و هیچوپوچی و هه‌ڵه‌ی مێژوویی”.
لیفی له گۆڤاری فۆرین پۆلیسی ئه‌مریكی نوسیویه‌تی و ده‌ڵێت “باسه‌كه ئه‌وه‌یه، كه گه‌لێك به‌زۆر له ماڵ و حاڵی خۆی ده‌ركراوه و ته‌عریب كراوه، كیمیاباران كراوه، ناچار كراوه به‌ره‌و چیاكان هه‌ڵبێت، سه‌ده‌یه‌كه خه‌باتێكی بێوێنه ده‌كات، له‌دژی ئه‌و زوڵم و زۆره‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق به به‌رده‌وامی به‌سه‌ریاندا ده‌سه‌پێنن، ته‌حه‌دای جوگرافیا و مێژووی كورد ده‌كه‌ن، كه هه‌زاران ساڵه بوونی هه‌یه”.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، له‌كۆتاییدا له‌گه‌ڵ رووخانی رژێمی سه‌ددام، ناوچه‌یه‌ك خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری وه‌رگرت، ناوچه‌یه‌ك كاتێك، كه لێشاوی داعش هاته ناو وڵاتی نیوان دوو رووباره‌وه و سوپای عێراق هه‌ڵهات، یه‌كه‌مین بوو، كه هێرشی پێچه‌وانه‌ی له دژی داعش ئه‌نجامدا، به درێژایی 600 میل رووبه‌ڕووی ئه‌و دڕندانه بوونه‌وه، هه‌رێمی كوردستان و شارستانیه‌تی هاوبه‌شمانی رزگار كرد.
ئاماژه‌شی بۆ ئه‌وه كردووه، كه كورد له هێڵی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕی موسڵ بوون، ده‌شتی نه‌ینه‌وایان رزگار كرد و ده‌روازه‌كانی شاره‌كه‌یان كرده‌وه، له رێگه‌ی ئازایه‌تی ئه‌وانه‌وه هاوپه‌یمانی نیوده‌وڵه‌تی توانیان له دڵی داعش بده‌ن، به‌ڵام كاتێك كاتی یه‌كلا كردنه‌وه هات، ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا دژایه‌تی ریفراندۆم ده‌كات و كورد هانده‌دات هیواكانیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی بۆ كاتێكی نادیار دوابخه‌ن، له‌بری ئه‌وه‌ی سوپاسی كورد بكه‌ن، جیهان به گاڵته‌جاڕییه‌وه پێیان ده‌ڵێن ” ببورن دۆسته كورده‌كانمان، ئێوه له رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی تیرۆرستاندا زۆر به‌سود بوون، به‌ڵام ئێستا كاته‌كه‌ی گونجاو نیه، پێویستمان پێتان نه‌ماوه، بۆ ناگه‌ڕێنه‌وه بۆ ماڵه‌كانی خۆتان، دووباره سوپاس و له جاری داهاتوودا ده‌تانبینینه‌وه”.
ده‌شڵێت “ده‌ڵێن ریفراندۆم چاوه‌كان له‌سه‌ر شه‌ڕی داعش لاده‌بات و كاریگه‌ریشی له‌سه‌ر هه‌لبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراق ده‌بێت. به‌ڵام هه‌موو كه‌سێك ده‌زانێت، جگه له‌وانه‌ی، كه نایانه‌وێت دانی پێدا بنین، پرۆسه‌ی سه‌ربازیی شه‌ڕی دژی داعش، به كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ كۆتایی هات، فه‌زڵی گه‌وره‌ش بۆ كورد ده‌گه‌ڕێته‌وه له كۆنترۆڵ كردنه‌وه‌ی ئه‌و پارێزگایه‌دا، له‌وه‌ش زیاتر، كێ ده‌ڵێت هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراق له‌كاتی خۆیدا ئه‌نجام ده‌درێت و دواناخرێت، له كاتێكدا داوا له كورد ده‌كه‌ن ریفراندۆم دوابخات”.
لیفی ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات، به‌ڕای هه‌ندێك له شرۆڤه‌كاران، كوردستانی سه‌ربه‌خۆ مه‌ترسیه بۆسه‌ر سه‌قامگیریی ناوچه‌كه، وه‌ك ئه‌وه‌ی سوریای نغرۆ له جه‌نگ و ئێران كه ئاماده‌سازی بۆ فراوانخوازییه‌كانی ده‌كات و لێكهه‌ڵوه‌شانی عێراق، مه‌ترسی زۆر گه‌وره‌تر نه‌بن له مه‌ترسی كوردستانی سه‌ربه‌خۆو ئه‌و كوردستانه‌ی هاوڕێی عه‌لمانی و دیموكراتی رۆژئاوایه، په‌رله‌مانی هه‌ڵبژێردراو و رۆژنامه‌گه‌ری ئازادی هه‌یه.
ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت، كه هه‌ندێك پێیانوایه سه‌ربه‌خۆیی كوردستان كاریگه‌ری بۆسه‌ر سه‌لامه‌تی خاكی چوار وڵات ده‌بێت، عێراق، ئێران، سوریا، توركیا، كه نه‌ته‌وه‌ی كورد بوونیان هه‌یه له‌و وڵاتانه، ئه‌وان خۆیان له‌وه ده‌دزنه‌وه، كه گشتپرسی ته‌نها تایبه‌ته به كوردستانی عێراق، كه خواستی هه‌نگاونان به‌ره‌و كوردستانی گه‌وره‌یان نییه، ئه‌وان جیاوازن له براكانیان له كوردستانی توركیا و سوریا، كه ئایدۆلۆژیای ماركسییان هه‌یه، له كۆتاییدا ده‌ڵێت، گشتپرسی كوردستان بابه‌تێك نییه به زه‌بری هێز كاری له‌گه‌ڵ بكرێت، به‌ڵكو ئه‌وه مافه، ئه‌وه باوه‌ڕه، ئه‌وه ره‌مزێكی بنه‌ڕه‌تی گه‌لێكی مه‌زنه، كه خزمه‌تی بێشوماری پێشكه‌شی جیهان كردوه.