نوچەنێت: تایبەت
ئەندام پەرلەمانێکی پارتی رایدەگەیەنێت، کاراکردنەوەی پەرلەمان بۆ پشتگیری و سەرخستنی گشتپرسی کاریگەرییەکی زۆر گەورەی دەبێت و پەیامێکی روونیش دەداتە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دەشڵێت “ئەگەر دواخستن هەرباجێکی هەبێت نابێت بچینە ژێربار”.
دوای دوو ساڵ لە پەکخستنی، رۆژی هەینی 15-9-2017 کاتژمێر 7 ئێوار، پەرلەمانی کوردستان بەسەرۆکایەتی جەعفەر ئیمینکی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان یەکەم کۆبوونەوەی دەستیپێکرد، لە دانیشتنەکەدا 68 پەرلەمانتار بەشدار بوون و 65 پەرلەمانتار بە بەڵێ دەنگیاندا، و بڕیاری گشتپرسی پەسەند کرد و بەکۆی دەنگ کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی لە 25-9-2017 راسپارد.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، د. فرسەت سۆفی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی کاریگەری کاراکردنەوەی پەرلەمان، لە سەرخستنی گشتپرسی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: لە رووی دیپلۆماسیەوە کاریگەرییەکی زۆر گەورەی دەبێت و پەیامێکی روونیش دەداتە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، کە پرسی چارەی خۆنوسین پرسی کەسێک و حزبێک و چەند حزبێك نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانییە و دامەزراوەیەکی گەورە و گرنگی وەکو پەرلەمانی کوردستان پشتیوانی ئەم پڕۆسەیە دەکات، کە باڵاترین دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێری کردنی هەیە،
فرسەت سۆفی گوتیشی “ئەگەر تائێستا لەرووی یاساییەوە گومانێک هەبووبێت، لەسەر پرۆسەکە، ئێستا پشتیوانی یاسایی بۆ کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستەبەر کراوە، هەموو ئەو کارانەش، کە لەماوەی رابردوودا کراوە بۆ پڕۆسەکە، پەرلەمان شەرعیەتی پێداوە”.
ئەو ئەندام پەرلەمانەی پارتی، کاراکردنەوەی پەرلەمان بە رۆژێکی مێژووی بۆ خەلکی کوردستان لەقەڵەم دەدات و دەڵێت “لەم کۆبوونەیەدا، لەسەر ئاستی ناوخۆیی بۆ کۆدەنگی نیشتمانی و گەرمترکردنی پرۆسەکە، هەروەها لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و عێراقیش کۆمەڵێك پەیامی گرنگ ئاراستەکران”.
فرسەت سۆفی لەبارەی دواخستنی پڕۆسەی گشتپرسی، جەخت لەوە دەکاتەوە “دواخستنی پرۆسەکە لەسەر ئەوە دەوەستێت، ئایا ئەوەی دەستمان دەکەوێت بەقەد قورسایی گشتپرسییەکە گرنگە، ئەگەر بەدیلێکی حەقیقی، کۆنکرێتی، بەنەخشەی زەمەن و زەماناتی نێودەوڵەتی بێت، شتێکی ئاساییە، بەڵام ئەگەر دواخستن تەنها لە پێناو دواخستن بێت، پێموایە هەر باجێکی هەبێت نابێت بچینە ژێرباری ئەو دواخستنە”.