نوچەنێت
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە بەغدا پلان هەیە بارودۆخی کوردستان تێکبدەن و دەستکەوتەکان لە گەلی کوردستان بسەننەوە. گوتیشی “رۆژی 25 ی ئەیلوول بڕۆنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و بڕیاری خۆتان بدەن”.
ئێوارەی رۆژی شەممە 16-9-2017، لە شاری دهۆک کەرنەڤاڵێک بە بەشداری نزیکەی 50 هەزار کەس و بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ پشتیوانی لە گشتپرسی و سەربەخۆیی بەڕێوەچوو.
بارزانی لە گوتارێکدا رایگەیاند: “ئەگەر باوەڕمان هەبووایە بارودۆخی هەرێمی کوردستان وەکو خۆی دەمێنێتەوە، رەنگە رۆژی 7 ی حوزەیران بڕیاری ئەنجامدانی گشتپرسیمان نەدابووایە، بەڵام باوەڕتان هەبێت ئەمڕۆ لە بەغدا هەموو بەرنامەی ئەوان ئەوەیە بارودۆخی هەرێمی کوردستان تێکبدەن و ئەو دەستکەوتانەی هەن جارێکی دیکە لە میللەتی کوردستانیان بسەننەوە، پێشئەوەی ئەوان ئەو پلانە بەرامبەر خەڵکی کوردستان جێبەجێ بکەن، خەڵکی کوردستان بڕیاری خۆی دەدات، ئێمە چیدیکە بندەستی و پلانداڕێژی دژی ئایندەمان قبوڵ ناکەین”.
هەروەها راشیگەیاند: “زمانی هەڕەشە بەرامبەر هیچ کەسێک بەکارناهێنین، ناشمانەوێت هیچ کەسێک بە زمانی هەڕەشە قسەمان لەگەڵ بکات، بەڵام مافی بەرگریکردن لە خۆمان بەکاردەهێنین، دەستدرێژیش ناکەینە سەر هیچ کەسێک”.
دەقی قسەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
خوشک و برایانی خۆشەویست
جەماوەری پارێزگای دهۆکی خۆڕاگر
سڵاوی خواتان لێبێت
نازانم چۆن خۆشحاڵی خۆم دەرببڕم کە ئێوە دەبینم خوا ئاگادارتان بێت.
پێرێ لە زاخۆ و دوێنێ لە ئامێدی و ئەمڕۆش لە دهۆک وا بڕیارتان دا ئیدی ڕیفراندۆم پێویست نییە، چونکە ئێوە بڕیاری خۆتان دا، بە پێویستی نازانم بە ئێوە بڵێم بڵێن (بەڵێ) چونکە گوتتان (بەڵێ).
پێشەکی بە پێوستی دەزانم سوپاسەکی بێ پایان پێشکەشی ئێوە بکەم، خەڵکی پارێزگای دهۆک بۆ ئەو ڕۆڵی مڕوڤ دۆستانەتان لە بەرامبەر پێشوازیتان لە ئاوارەکان و پشتیوانیتان لە سەنگەرەکانی پێشمەرگەی قارەمان کاتێک ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ تیرۆریستانی داعش سوپاسی ئێوە دەکەم سەری ئێمەتان بڵند کرد.
خوشک و برایانی خۆشەویست
بڕیاری ڕژۆی ٧ی حوزەیران بڕیاری گەلی کوردستانە نەک شەخسەک بڕیاری گەلی کوردستانە بۆ ئەوەی بڵێن (بەڵێ) بۆ سەربەخۆیی.
ئەو ڕۆژە هێزە نیشتیمانپەرەوەکانی کوردستان لەهەموو نەتەوە و ئاینێک بڕیاری خۆیاندا کە لەو ڕۆژە خەڵکی کوردستان بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و بڵێن (بەڵێ) بۆ سەربەخۆیی.
بۆ ئەو بڕیارە درا؟ ئەگەر ئیلیتزام بە دەستوور بکرابا ئەگەر شەراکەت قبوڵ کرابا رەنگە و نەگەیشتبا ئەوڕۆ، بەڵام دەستوور پێشێل کرا و خستیانە بن پێێ خۆیان، شەراکەت نەما و تەوافق نەما و هاوسەنگی نەما، ئێمە گوتمان بەڵکو دوای رووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ کە دەرفەتێکی تازە بۆ هەموو خەڵکی عێراق هات پێش، ئێمەش وەکو خەڵکی کوردستانیش ڕۆلێ خۆمان تێدا بببنین و عێراقێکی تازە دروست بکەین، عێراقەکی فیدڕال و دیموکرات، بەڵام زۆری پێ نەچوو دەرکەوت کە هەمان فەرهەنگە، فەرهەنگێک کە قەبوڵ ناکەن خەڵکی کوردستان شەریک بن لەگەڵ بەغدا.
ئێمە گوتمان عەقلیەتی ئەفالچییەکان نەماوە لە بەغدا، بەس بەشێوەیەکی دی دیسان ئەنفالەکی دیکەیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا هێنا، کاتێک نانی خەڵکی کوردستانیان بڕی پێویست بوو لەوکاتەوە بمزانیبا هیچ پەیوەندییەکمان بەیەکەوە نەما.
ئەوان شەراکەتیان قەبوڵ نەکرد نەوەکو ئێمە، مادام ئەوان شەراکەت قەبوڵ ناکەن، ئێمەش خزمەتکاری قەبوڵ ناکەین.
بڕیاروابوو دەوڵەتێکی مەدەنی فیدراڵی دیموکراتی لە عێراق بێتە دامەزراندن، بەڵام ئەمڕۆ دەوڵتەێکی ئاینی مەزهبی بوو نەک دەوڵەتێکی فیدراڵی، ئەسڵەن فیدراڵێ هیچ مانایەکی نەماوە لە عێراق.
بەهانە دەگرن کاتێ، باسی ڕیفراندۆم بکرێت، ئەوە بریاری شەخسەکە یان هی حزبێکە یان هی چەند حزبێکە. ئەوە مەعلوم بوو ئەوە نەبڕیاری شەخسێکە و نە بڕیاری حزبێکە و نە بڕیاری دوو حزب و سێ حزبە ئەوە بڕیاری گەلی کوردستانە.
بەهانە دەگرن بەوەی کە پەرلەمان کارا نییە و پەرلەمان بڕیاری نەدایە، من لەو کاتەدا دەستخۆشی لە ئەندامای پەرلەمای کوردستان دەکەم کە دوێنێ کۆبوونەوە و بڕیارێکی مێژوویان دا دەستخۆشیان لێدەکەم و پێروزبایی لە گەلی کوردستان و لەوان دەکەم. ئەوە پەرلەمانیش بڕیاری دا کا ئێستا چ بەهانەیەکی دیکەی ماوە.
خوشک و برایانی خۆشەویست
کاتێک ئێمە بێ هیوابین، چ ڕێگایەک نەما، پار ئێمە شاندێکی مەزن لەهەموو لایەنە سیاسییەکان چووینە بەغدا، وە پێش ئەوەی بچینە بەغدا چەند جارێک لە هاوپەیمانی نیشتیمانی کۆبووینەوە، پێمان گوتن با بە جورئەت بڕیار بدەین، چونکە شەراکەت فەشەلی هێنا، وەرن ببینە دراوسێ باش برای یەک بین و هاوکاری یەک بین، بەڵام ئێمە ناتوانین بەیەکەوە بژین و خەتای ئێوەیە نەوەکو ئێمە، وەرن با ببینە دراوسێ و کەسێک لەوان ناڕازیبوونی خۆی دەرنەبرێ.
بەڵام جێگای داخە ئەمڕۆ بەزمانێکی هەڕەشە قسە دەکەن و باسی دەستوور دەکەن کە ئەوبڕیارە دەستووری نییە و دەستووریان پێشێلکراوە، ئێمە هەڕەشە لە کەس ناکەین و حەزیش ناکەین کەس هەڕەشە لە ئێمە بکات، زمانی هەڕەشە هیچ ئەنجامێکی نابێت.
سەبارەت بە دراوسێکانمان، دەمانەوێت باشترین پەیوەندیمان هەبێت و نامانەوێت پەیوەندییەکانمان تێک بچێت، وە پێشبینیش ناکەین دژی مافەکانی ئێمە ڕابوەستن، ئەوە ٢٥ ساڵە ئێمە سەلماندمان کە هۆکاری ئاشتی و خێرێینە پێکەوە بۆ ئەوان و بۆ ئێمەش.
بەس خۆزگە دەمرانی کەی ئێوە وا بەپەرۆش بووینە بۆ یەکپارچەیی عێراق و بۆ قانوونی عێراق، خۆزگە بەس ئەوەم بزانیبا زۆر باش دەبوو.
سوپاسی هاوپەیمانان دەکەین بۆ ئەو هاوکاریانە کە بۆ ئێمەیان کردووە لە شەڕی دژی داعش، بە پێوستی دەزانم سوپاسی خۆم بۆ هەموو ئەو پێشمەرگە قارەمانەنە بنێرم کە کەرامەت و شەرەفی گەلی کوردستانیان پاراست.
ئەو چەکەی پێشمەرگە شەڕی پێ کرد و داعشی پێ شکاند، باوەڕ ناکەم هیچ سووپایەک لە جیهان بەو چەکە دوژمنێکی وەک داعش پێ بشکێنێت.
کاتی هاتووە بڵێن ئیدی بەسە نامانەوێت چیدی ئەنفال کیمیاباران و کۆمەڵکوژی، ئەو باخەی کە بەخوێنی هەزاران شەهیدان هاتووەتە ئاودان، کاتیەتی بەرهەمی ئەو باخە بدوورینەوە و کاتی دوورینەوەی ئەو باخە هاتووە.
لە کۆتاییدا دەڵێم ئەوڕۆ کە ئەو بەدیلەی جێگای ڕیفراندۆم بگرێتەوە بۆ ئێمە، ئەو بەدیلە بۆ ئێمە نەهاتووە، لەبەر هەندێ ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوول بڕۆنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و بڕیاری خۆتان بدەن.
لێرەوە بە پێویستی دەزانم م سوپاسی خوشک و برای خۆشەویتسی کوردەکانی تاراوگە بکەم، کە ئەوانیش هاوشانی جەماوەری کوردستان خزمەتی نیشتیمانی خۆیان دەکەن وە دۆزی گەلی خۆیان بە جیهان دەگەیەنن.
لە کۆتاییدا سڵاوێکی گەرم بۆ هەموو جەماوەری کوردستان و بۆ ئێوەی خۆشەویست، سلاو بۆ گیانی شەهیدانی قارەمان و سڵاو بۆ پێشمەرگەی قارەمان، بەختەوەربێت گەلی کوردستان.