نوچەنێت
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوە لەگەڵ پێکهاتەکانی دەشتی نەینەوا رایگەیاند “کوردستان دەبێتە دەوڵەتی هەموو پێکهاتە و نەتەوەکان”.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت “بڕیاری گشتپرسی لەلایەن هەموو لایەنەکانی کوردستان دراوە، چونکە لە شەراکەت لەگەڵ عێراق شکستمانهێنا”.
بارزانی ئاماژەی بە گوشارەکان کرد بۆ دواخستنی گشتپرسی لە باشووری کوردستان و گوتی “مایەی سەرسووڕمانە ئەو هەستیارییە زێدەڕۆییانە بەرامبەر مافی گەلێک دەبینین. گشتپرسی مانای داڕشتنەوەی سنوورەکان نییە بەڵکو مانای کردنەوەی دەرگاکانە بۆ چارەسەری کێشەکان”.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی “گشتپرسی مانای سەپاندنی لایەنێک بەسەر لایەنێکی دیکەدا نییە، ئێوە خۆتان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆتان دەدەن. لە هەمانکاتدا رێگە بە کەسی دیکەیش نادەین ئەم دۆخە بقۆزنەوە و خۆیان بەسەر ئێوەدا بسەپێنن”.
بارزانی بەڵێنی زامنکردنی مافی پێکهاتەکانی نەینەوای دا و گوتی، هاتووم لەگەڵ هەمووتان ئاشت ببینەوە و بەڵێنتان پێدەدەم، ئەگەر لەگەڵ ئێمە ژیان و بڕیارتاندا لەچوارچێوەی دەوڵەتی کوردستان بن، ئەوا وڵاتێک دروست دەکەین، کە بۆ هەموومان بێت و کوردستان ببێتە وڵاتی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان. کەس ناتوانێت هیچ شتێک بەسەر ئێوەدا بسەپێنێت. ئەگەر بتانەوێت لە چوارچێوەی وڵاتی کوردستان بژین، گەرەنتی هەموو مافەکانتان دەکەین.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە هەوڵەکان کرد بۆ دروستکردنی دۆخێکی نەخوازراو و گوتی “هەوڵ هەیە ئاراستەکان بگۆڕێت بۆ ئاراستەیەکی مەترسیدار و زمانی شەڕ بەکار بهێنن، بەڵام ئێمە ئەمەمان ناوێت، ئێمە براین. ئەگەر بمزانیایە هەڕەشە و مەترسی ناکەوێتە سەر کوردستان لەوانەیە وێڕای هەموو ناکۆکییەکان لەو چوارچێوەیە بماینایەتەوە. بەڵام مەترسییەکان جددین”.