نوچەنێت
کۆشکی سپی ئەمریکا هەڵوێستی فەرمی لەبارەی گشتپرسی باشووری کوردستان راگەیاند و داوادەکات هەرێمی کوردستان بڕیارەکە هەڵبووەشێنێتەوە.
لە راگەیەندراوێکدا سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی رایگەیاند “ئەمریکا پشتیوانی لە نیەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی لە کۆتایی ئەم مانگەدا ناکات”.
رۆژی هەینی 15-9-2017، لە دواین گوتاریدا مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەدیلی ئەمریکا و وڵاتە زلهێزەکان بۆ دواخستنی گشتپرسی رایگەیاند: “دوێنێ شاندێک لای من بوو، یەک داواتان لێدەم زۆر خۆتان بە هەواڵ و ئاخاوتنەکانی تەلەڤزیۆنەکان سەرقاڵ مەکەن، تاوەکو ئێستا ئەو بەدیلەی شوێنی گشتپرسیمان بۆ بگرێتەوە نەهاتووە، گشتپرسی ئامرازە بۆ سەربەخۆبوون و ئامانج نییە، سەربەخۆیی ئامانجی ئێمەیە، بفەرموون لەجیاتی گشتپرسی ئەو بەدیلە بۆ ئێمە بێنن، گشتپرسی هەر پێویست ناکات، ئەما پێمان بڵێن گشتپرسی دوابخەن و ئەمە و ئەوەتان بۆ دەکەین، ئێمە زۆر بەڵێنمان پێدراون بەڵام هیچیان جێبەجێنەکراون، بۆیە گشتپرسی دواناخەین”.
بارزانی هەروەها گوتیشی “بیستوومە تەقریبەن لە ئەنجامی گفتوگۆکان دوودڵییەک پەیدابووە، خەڵکی کوردستان شەرعییەت بە گشتپرسی دەدات نەکە لەدەرەوە شەرعییەتمان پێبدەن، پریساری ئێمەش بۆ ئەوان ئەوەیە: ئەگەر داوای دواخستنی گشتپرسی دەکەن و هیچ بەدیلێکیش نادەن، کوا مەبادیئەکانی ئێوە؟ کوا بانگەشەکانتان بۆ مافی مرۆڤ؟ کوا بانگەشەکانتان بۆ دیموکراسی؟ ئێمە لەپاداشتی خوێنی شەهیدان و شکاندنی ئەستوورەی داعش چاوەڕێمان دەکرد بێن و بڵێن مافی خۆتانە، مادام ئەوان بەرهەڵستیمان دەکەن، ئێمەش هیچ حیسابێک بۆ رەئی ئەوان ناکەین”.
دەقی راگەیێندراوەکەی کۆشکی سپی:
راگەیەندراوی سکرتێری رۆژنامەڤانی دەربارەی گشتپرسییە پێشنیازکراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ویلایەتە یەکگرتووەکان پاڵپشتی لە ویستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی لە کۆتایی ئەم مانگەدا ناکات.
ویلایەتە یەکگرتووەکان بەردەوام بۆ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، کە گشتپرسییەکە دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوە لە هەوڵەکان بۆ تێکشکاندنی داعش و گێڕانەوەی ئارامی بۆ ناوچە ئازادکراوەکان.
ئەنجامدانی گشتپرسی لە ناوچە جێناکۆکەکان کارێکی ئیستفزازیە و دەبێتەهۆی دروستبوونی گرژی. هەربۆیە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین گشتپرسییەکە ئەنجام نەدات و بچێتە ناو دیالۆگێکی جددی و بەردەوامەوە لەگەڵ بەغدا، کە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەردەوام ئاماژەی بەوەکردووە، کە ئامادەیە کارئاسانی بۆ بکات.