نوچەنێت-رووداو
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، ئاگاداری ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی برێت مەکگۆرک و شاندەکەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان نییە و سەبارەت بە بەدیلی ئەمریکا بۆ گشتپرسی کوردستان گوتی “بەدیل بۆ چی؟”.
هیزە ناوێرت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە گۆنگرەیەکی رۆژنامەوانێکدا سەبارەت بە کۆبوونەوەکی برێت مەکگۆرک، نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا لە شەڕی دژی داعش گوتی “ئاگاداری ئەوە نیم، پێموایە هێشتا برێت مەکگۆرک لە ناوچەکەیە. ئاگاداری کۆبوونەوەکان و هەروەها ئەنجامی گفتوگۆکانی نیم. هەڵوێستی حکومەتی ئەمریکا، وەک پێشتریش گوتوومە، ئێمە پشتیوانی لە پلانی گشتپرسی کورد، کە بڕیارە لە 25-ی سێپتێمبەر بکرێت ناکەین، چونکە واهەستدەکەین، کە ئەمە چاوەکان لەسەر داعش لادەبات و ئێمەش دەمانەوێت هەموو سەرنجەکان لەسەر داعش بمێننەوە”.
هیزە ناوێرت جەختیشی لەوە کردەوە، کە بۆ ئێستا پشتگیری لە هەوڵی کورد بۆ سەربەخۆیی ناکەن و گوتی “دژبوونی ئێمە جێگیرە، کە ئێمە پشتیوانی لەو گشتپرسییە ناکەین لەم کاتەدا، لەبەر داعش”.
ئەمە لەکاتێکدایە، کە رۆژی پێنجشەممە 14ـ9ـ2017 مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە شاندێکی باڵای هاوپەیمانان کرد، کە پێکهاتبوو لە برێت مەکگۆرک نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا، یان کۆبیچ نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دۆگلاس سلێمان، باڵیۆزی ئەمریکا لەعێراق و فرانک بەیکر، باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق و شاندێکی یاوەری.
دواتر برێت مەکگۆرک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند “شاندەکە بەدیلی گشتپرسییان بە بارزانی داوە بۆ ئەنجام نەدانی گشتپرسی”.