نوچەنێت-رووداو
کۆنسوڵی پێشووی فەرەنسا لە هەولێر لەبارەی قسەکانی نوێنەری دۆناڵد ترەمپ لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، لەبارەی گشتپرسی باشووری کوردستان هۆشداری بە کورد دەدات و دەڵێت: “ئاگاداربن لە پشتەوە چەقۆتان لێ نەدرێت”.
فرێدریک تیسۆت، کۆنسوڵی پێشووی فەرەنسا لە هەولێر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توویتەر نووسیویەتی “دۆستە کوردەکانم بیرتان نەچێت دۆستی ئێوە هێنری کیسینجەر لە ساڵی 1975 بە رێکخستنی رێککەوتنی جەزائیر لە پشتەوە چەقۆی لێدان”.
لە توویتێکی دیکەیدا تیسۆت، کە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و برێت مەکگۆرک، نوێنەری سەرۆکی ئەمریکای لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تاگ کردووە، ئاماژەی بەوەداوە، کورد نابێت هەرگیز ئەوە لەبیر بکات کە کێ لە ساڵی 1975 لە پشتەوە چەقۆی لێداوە، مەبەستیشی هێنری کیسینجەر، وەزیری دەرەوەی پێشووتری ئەمریکایە.
رۆژی پێنجشەممە 14ـ9ـ2017 مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە شاندێکی باڵای هاوپەیمانان کرد کە پێکهاتبوو لە برێت مەکگۆرک نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا ، یان کۆبیچ نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ، دۆگلاس سلێمان باڵیۆزی ئەمریکا لەعێراق و فرانک بەیکر باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق و شاندێکی یاوەری.
لە کۆبوونەوەکەدا شاندی میوان بەدیلێکیان لەجێگای بەڕێوەچوونی گشتپرسی لە 25ـ9ـ2017، داوەتە سەرۆکی هەرێمی کوردستان.

دواتر ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 14-9-2017 برێت مەکگۆرک، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە شەڕی داعش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: “کۆبوونەوەکان ئەرێنی و بنیاتنەر بوون و بەردەوام دەبن، پێمانوایە ئەم بەدیلە چارەسەری زۆربەی کێشەکان دەکات”.


