نوچەنێت
مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی بڕیاری لەکارلادانی پارێزگاری کەرکوک راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت: “ئەم بڕیارە بێ بنەمایە هیچ ئیعتبارێكی نییە، پشتیوانی بێسنوریش بۆ جەنابی پارێزگاری كەركووك دكتۆر نەجمەدین كەریم دەردەبڕین و هەڵوێستە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی بەرز دەنرخێنین”.
مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان هەروەها پێیوایە: “ئەم بڕیارە نابەجێیە، ئاماژەیەكی روونە بۆ ئەو سیستەمە سیاسییەی دەیانەوێت بەزەبری دیكتاتۆریەتی زۆرینە بیسەپێنن و كۆدەتایەكی بێمنەتە بەسەر دەستور و دیموكراتی تەوافوقی و حوكمی ئیتیحادیی و بەسەر خودی پەرلەمانەكەی عێراقدا”.
راگەیێندراوێک لە مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە
بڕیاری نارەوا و نایاسایی لادانی بەڕێز دكتۆر نەجمەدین كەریم لە پۆستی پارێزگاری كەركوك بە توندی ئیدانە و رەتدەكەینەوە.
بەم بڕیارە بێ بنەمایە كە هیچ ئیعتبارێكی نییە، جارێكی دیكە دەسەڵاتدارانی بەغدا سەلماندییان كە هیچ نرخ و بەهایەك بۆ شەراكەت و شەرعیەت و تەوافوق و دەستور و متمانەی گەل و دەنگ و رای هاوڵاتییان دانانێن و كۆی ئەو پرنسییانەیان ژێرپێناوە كە عێراقی نوێی لەسەر دامەزرا.
ئەم بڕیارە نابەجێیە، ئاماژەیەكی روونە بۆ ئەو سیستمە سیاسییەی دەیانەوێت بەزەبری دیكتاتۆریەتی زۆرینە بیسەپێنن و كۆدەتایەكی بێمنەتە بەسەر دەستور و دیموكراتی تەوافوقی و حوكمی ئیتیحادیی و بەسەر خودی پەرلەمانەكەی عێراقدا.
ئێمە لە لای خۆمانەوە ئەم جۆرە دەستوەردان و مەركەزییەتە ملهوڕانەیە بە توندی رەت دەكەینەوە. پشتیوانی بێسنوریش بۆ جەنابی پارێزگاری كەركوك دكتۆر نەجمەدین كەریم دەردەبڕین و هەڵوێستە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی بەرز دەنرخێنین.
مەكتەبی سیاسیی
پارتی دیموكراتی كوردستان
۱٤/۹/۲٠۱۷