نوچەنێت
ئەمڕۆ لە کەرنەڤاڵی پشتگیری لە ریفراندۆم لە دهۆک، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ھاتووەتە سەر ھێڵ، جەختیشی لەوە کردەوە، کە بەبێ بوونی بەدیلێکی باشتر لە ڕیفراندۆم، ڕیفراندۆم دوا ناخرێت.
مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە میانەی کەرنەڤاڵی سەربەخۆیی، کە لە شاری زاخۆ بەڕێوەچوو، ئاماژەی بە ھۆکارەکانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم کرد و دواتر جەختی لەوە کردەوە کە ئێستا عێراق ھەوڵدەدات بە ناوی زۆرینەی سیاسییەوە، زوڵمێکی دیکە لە گەلی کوردستان بکات.
ھاوکات ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 14/9/2017، شاندێکی ھاوپەیمانان سەردانیان کردووە و گفتوگۆی چڕ و پڕیان لەبارەی ڕیفراندۆم کردووە. گوتیشی: ”ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ھاتووەتە سەر ھێڵ“. دووپاتیشی کردەوە کە بەبێ بەدیلێکی باشتر لە ڕیفراندۆم، ئەوا ڕیفراندۆم دوا ناخرێت.
دەقی گوتەکانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان:
بەناوی خوای گەورە و دلۆڤان
خوشک و برایان
ئەمڕۆ خۆشترین ڕۆژە من جارێکیتر لە زاخۆی دەلالم
پێش ھەر شتێک ئەو یاریگایەتان لێ پیرۆز دەکەم، یەکەمجارە من دێم ئەو یاریگایە دەبینم، ئینشالڵا زاخۆ و ھەموو شارەکانی کوردستان لە پێشکەوتن و خۆشی و ئارامیدا دەبینین.
خوشک و برایانی بەڕێز
من نەھاتووم بۆ زاخۆ تا داواتان لێ بکەم دەنگ بۆ سەربەخۆبوونی کوردستان بدەن، چونکە ئێوە پێویستیتان بە ھیچ کەس نییە پێتان بڵێت دەنگ بدەن، بەڵام باوەڕ بکەن من بیری ئێوەم کرد و ویستم بێم ھەوای زاخۆ ھەڵمژم تا جارێکی دیکە شەحن ببمەوە.
ئەمڕۆ بابەتی گرنگ بۆ ئێمە و ھەمووان، بابەتی ڕیفراندۆمە
بڕیاری ڕیفراندۆم، بڕیاری یەک کەس، حزبێک و چەند حزبێک نییە، بڕیاری گەلی کوردستانە و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە ٧ی حوزەیران بە مەردانە بڕیاری خۆیان دا، کە ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوول بچینە سەر سندووقەکان و چارەنووسی خۆمان دیاری بکەین.
بۆ ئەو بڕیارە درا؟ ئەو بڕیارە درا پاش ئەوەی ھەموو ڕێگەکانی دیکە شکستی ھێنا، دەستوور پێشێل کرا، شەراکەت و تەوافوق و ھاوسەنگی نەما، گەڕاینەوە بۆ بیدعەیەکی نوێ، دوێنێ زۆرینەی سیاسی پشتی پێ بەسترا، دوو نموونەی زۆر ڕەشی زۆرینەی سیاسیمان بینی، یەکەمیان بەپێی دەستووری عێراق، پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمی بەرگریی عێراق، ١٠ ساڵە خەریک بووین لە پەرلەمانی عێراق یاسایەک بۆ پێشمەرگە دابنرێ و چەک و بودجە بۆ پێشمەرگە بێت، بەڵام ئەم دەست و ئەو دەستیان بە ئێمە کرد و جێبەجێیان نەکرد، بەڵام بە دوو کاتژمێر یاسای حەشدی شەعبییان دەرباز کرد و بە ملیارەھا چەک و تەقەمەنییان خستنە دەست.
دوێنێ پەرلەمانی عراق بە زۆرینەی سیاسی بڕیارێکی ڕەشی لە دژی کوردستان دەرکرد کە ئەوە مافی ئەوان نییە، ئەمڕۆش بڕیارێکی دیکەیان لە دژی کەرکووک دەرکرد کە ھەرگیز ئەوە جێگەی قەبوڵکردن نییە.
ئەمڕۆ پێش ئەوەی بێمە خزمەتتان، شاندێکی ھاوپەیمانان کە لە نێویان نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا، باڵیۆزی ئەمریکا و بەریتانیا لە بەغدا، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەغدا، ھاتبوون و چەند کاتژمێرێک گفتوگۆمان کرد، ئەوان بۆچوون و پێشنیازی خۆیان ھەبوو و گوێمان گرت، ئێمەش بۆچوون و ھەڵوێستی خۆمان باس کرد. ھەڵوێستی ئەوان دیارە و دەڵێن ئێمە لەگەڵ مافی گەلی کوردستان داین، بەڵام بە بۆچوونمان کاتەکە بۆ ڕیفراندۆم گونجاو نییە، نەوەک کێشە ڕوو بدات، ئێمەش دەڵێین چی دیکە ڕوودەدات؟ ئێمە گوتمان، ئەگەر بەدیلەکی باشتر ھەبێت، گەلی ئێمەش ڕازی دەبێت، ئەمما ئەگەر بەدیل نەبێ، ئێمە ڕیفراندۆمی خۆمان دەکەین و چی دەبێ با ببێ.
چەند ڕۆژە لەگەڵیان لەسەر ھێڵین و ئەنجومەنی ئاسایشیش ھاتوونەتە سەر ھێڵ، ئەگەر ئامانج تەنیا دواخستنی ڕیفراندۆم بێت، ئەوا ڕیفراندۆم دواناخرێ، بەڵام دەبێ بەدیلێکی باشتر ھەبێت.
خوشک و برایان
بابەتەکە ئیرادەیە، ئەگەر ئیرادەی ئێمە بەھێز بێت و ئامادە بین باجی پێویست ب سەربەخۆبوون بدەین، لەو باوەڕەدام و گومانم نییە کە سەربەخۆیی مسۆگەرە و بەدەست دێت.
کەس سەربەخۆبوون بە دیاری بۆ ئێمە ناھێنێت و کەسیش خۆی بۆ ئێمە تووشی کێشە ناکات، دەبێ ئێمە داوای سەربەخۆیی بکەین، دەبێ خۆشمان بۆ ھەموو ئەگەرەک ئامادە بکەین، باوەڕ بکەن ئەگەر بمانزانیبا ئەو دۆخەی لە کوردستان ھەیە دەمێنێت، ئێمە کێشەمان نەبوو، بەڵام ئەوان ئەگەر شتێکیان بێتە دەست، ئەو دۆخەمان نایەڵن و تێکی دەدەن.
ئێستا دەستووریان بیردێتەوە و دەڵێن دەستووری نییە، ئەو دەستوورە لە ٢٠٠٥ەوە ھەبوو و ئەوان لەبیریان کرد و پێشێلیان کرد، بۆچی باسی ئەو دەستوورە ناکەن کە دەڵێ (پابەندبوون بەو دەستوورە یەکێتیی ئارەزوومەندانەی خاکی عێراق دەپارێزێت)، لە پاش ٢٠٠٣ بە نیازێکی پاک چووینەوە بەغدا، گوتمان عێراقێکی فیدراڵی و دیموکراسی دروست دەکەین، بەڵام بەداخەوە ئەوانەی وامانزانی ھاوپەیمانمانن، بێوەفاییان کرد، ئێستا حکوومەتێکی فیدراڵی و دیموکراسی لە عێراق نییە، بەڵکو حکوومەتێکی ئایینیی مەزھەبی لە عێراق حوکم دەکات، خەڵکی دیکە قەبوڵی دەکات، ئێمە قەبوڵی ناکەین، چونکە ئێمە بە ئارەزوومەندانە چووین، کاتێک شەراکەت سەری نەگرت، کەس ناتوانێت بسەپێنێت بەسەرماندا، لە یەک ماڵدا ئەگەر دوو برا پێکەوە نەگونجان، ماڵی خۆیان دەکەن.
ئەوە ١٠٠ ساڵە ئێمە دەڵێین براین و لە عێراقدا پێکەوەین، بەڵام لەو ١٠٠ ساڵەدا نە ئێمە و نە ئەوان خۆشییان نەبینی، ئەرێ کامیان باشە؟ ئێمە جیابینەوە و ببینە دراوسێ؟ یان ئەو دۆخە بەردەوام بێ و ھیچ لایەکیشمان خۆشی نەبینین.
لە ٢٠٠٣ ئێمە ھەڵەمان کرد کە چووینەوە بەغدا، بەلام ئەوەی چوو ناگەڕێتەوە، دەبێ بیر لە ئایندە بکەینەوە، من ئەو ئایندەیە تەنیا لەوەدا دەبینم کە لەگەڵ بەغدا ببینە دوو دراوسێ و ڕۆژ بە ڕۆژیش ھەنگاوی خراپتر و ڕەشتر لەلایەن پەرلەمانی عێراق دێتە ھاوێشتن، ئەو دۆخەی پەرلەمانی عێراق ھیچ بوارێک بۆ گفتوگۆ نایەڵێت. ئەوەیە زۆرینەی سیاسی ھەرچییەکیان بوێت، سبوغێکی پەرلەمانی لێ بدەن و بەناوی یاسا بەسەرمانیدا بسەپێنن، ئێمە ناچار نین ئەوە قەبووڵ بکەین.
سووکایەتیکردن بەرامبەر گەلی کوردستان زیادی کردووە، بە زمانێکی زۆر نزم، زۆر سەیرە کاتێک میللەتێک داوای مافی خۆی بکات، بڵێن تاوانە و پێچەوانەی دەستوورە، بەڵام ئەنفال و وێرانکردنی شار و گوند و کیمیاباران و نانبڕینی میللەتێک تاوان نییە.
وەفا باشترین سیفەتە بۆ ھەر مرۆڤێک، ھەندێک زماندرێژ پەیدا بوون لە بەغدا، ھێشتا نان و ئاوی کوردستان لە سکی ئەوان دایە، کەسێک وەفای نەبێت، دەستی لێ بشۆن، پێش چەند ڕۆژێک، خۆم سەیری تەلەڤزیۆنم دەکرد، کەسێکی عەرەب کە ھیچ جارێک کورد زیانیان بۆی نەبووە، نازانم لە ئەسڵدا عەرەبە یان نا، دیبەیتێکی لەگەڵ کوردێک ھەبوو، بەداخەوە کوردەکەمان عەرەبیشی باش نەدەزانی، زۆر بێئەدەبانە، بە غروورێکی دوور لە ھەموو لۆژیکێک، دەیگوت کورد چنە و کێنە؟ قسەی مرۆڤێکی وەھا ھیچ بەھایەکی نییە، بەڵام ئەمە دەبێتە فەرھەنگێک.
وەڵام بۆ ئەو کەسە و ھەموو ئەوانەی وەک ئەو، بیر بکەنەوە، ئێمە گەلی کوردستانین، ئێمە ئەوانەین کە ئێوە ١٠٠ ساڵە ھەوڵدەدەن نەمانھێڵن، ئێمەتان ئەنفال و کیمیاباران و کۆمەڵکوژ کرد، کاتێک قەوماش، ئێوە کەوتنە دەست گەلی کوردستان و ئێمە ئێوەمان حەواندەوە، ئێمە ئەوەین، گۆتیە ئەو کوردە، ئێمە خاوەنی دیرۆکی دە ھەزار ساڵ و خاوەنی شارستانیی سۆمەرینە، بەڵام ئایا ئەو شارستانییە ئەوەیە، کە ئێستا مافیا حوکم دەکات، “ئێوە نەوەی پێغەمبەرتان ھێنا و سەرتان بڕی، خۆ کورد سەری نەوەی پێغەمبەری نەبڕی”.
ئێمە ئەوەین، کە پێشمەرگەی قارەمان مەزنترین ڕێکخراوی تیرۆرستی تێکشکاند و ناوبانگی گەیشتە زۆر شوێنی جیھان، ئێمە دەزانین زۆر برای ئێمەی عەرەب، کە خاوەن ویژدانن، لەگەڵ ئەو بۆچوون و فەرھەنگەدا نین، ئەوە فەرھەنگی سکبرسییەکانی دوێنێ و تێرەکانی ئەمڕۆن. ئێمە ھەڕەشە لە کەس ناکەین، زۆریش پێمان ناخۆشە دڵۆپە خوێنێکی یەک کەس بڕژێت، بەڵام پەیامێک بۆ ھەموو لایەک، ئەوەی بیەوێت بە زۆر ھەڕەشە لە گەلی کوردستان بکات، ئەوە مەیدان با خۆیان تاقی بکەنەوە.
خوشک و برایان
ئێمە دوو ڕێگەمان لەبەردەمە، یان ژێردەستی، یان سەربەخۆبوون. خوێنی ئەو ڕۆڵانەی ھاتنە ڕژان، مافی ١٠ سەربەخۆبوونی ھەیە نەک یەکێک، ئەو زەحمەتییەی گەلی کوردستان کێشای، ئەو ماندووبوونەی پێشمەرگە بینی، مافی ١٠ سەربەخۆبوونی ھەیە، بۆیە باوەڕم وایە ھیچ کەسێکی خاوەن غیرەت، ژێردەستی قەبووڵ ناکات.
خوشک و برایان
نابێت داواکردنی مافی ئێمە، فەرھەنگی دەوڵەمەندی ئێمە تێک بدات، پێویستە ئێمە لەسەر برایەتیی کورد، عەرەب، تورکمان، کلدان، ئاشووری، سریان و ئەرمەن بەردەوام بێت، دەبێ لەسەر ئازادیی ئایینی و مەزھەبی بەردەوام بین، نابێت بەھیچ شێوەیەک نە بێڕێزی بەرامبەر کەس بکرێت، نە ئاڵای کەس بسووتێنرێت، سووتاندنی ئاڵا ڕەفتارێکی خراپە و دوورە لە ڕەوشت و ڕەفتاری ئێمە، تکاتان لێ دەکەم خۆتان لەو کارانە بە دوور بگرن.
لەگەڵ دراوسێکاندا ئەوە ٢٥ ساڵە ئێمە سەلماندمان کە دۆستین و ھۆکاری ئەمن و ئاسایش و سەقامگیرین بۆ خۆمان و ئەوان.
ئیرادەتان بەھێز بێت، ھیچ گومانتان نەبێت، ئایندە بۆ ئێمەیە، تەنیا ئیرادەی ئێوە زاخۆی دەلال بەقەد ھەموو کوردستان ھەیە.
لە کۆتاییدا ئاماژە بە شیعرێکی زانای مەزن مەلای جزیری دەدەم:
پشتی نادین دوو ھەزار خەنجەر و تیر و ڕم و خشت
مە سەری دانیە رێ و ب خوەدێ بەستیە پشت
ئێمە پشتمان بە ئێوە بەستووە.
ھەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی ھەموو شەھیدان
سڵاو بۆ پێشمەرگەی قارەمان
بۆ جەماوەری خۆشەویست و ئازیزی زاخۆی دڵ و ڕۆح.
ھەر بژی کورد و کوردستان