نوچەنێت
گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە توندی بەرامبەر بە بڕیاری لادانی پارێزگاری کەرکوک هاتە دەنگ و جەختی لەوە کردەوە، کە بەو بڕیارە جارێکی دیکە شکستی شەراکەت لە عێراق دووپات کرایەوە.
د. ئومێد سەباح، گوتەبێژی فرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە داوە “سەرۆکایەتی ھەرێمی کورستان زۆر بە توندی بڕیاری ئەنجومەنی نوینەرانی عێراق بۆ لادانی نەجمەدین کەریم، لە پۆستی پارێزگاری کەرکووک، رەتدەکاتەوە”.
جەختیشی لەوە کردووەتەوە “بەم ھەنگاوەی پەرلەمانی عێراق، جارێکی دیکە شکستی شەراکەت و پێشێلکردنی دەستوور و نەھێشتنی بنەماکانی تەوافوق و گەڕانەوە بۆ زۆرینە و کەمینە دووپات کرایەوە”.
گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردووەتەوە، گەلی کوردستان بە گشتی و جەماوەری پارێزگای کەرکوک، بەھیچ شێوەیەک پابەندی ئەم بڕیارەی پەرلەمانی عێراق نابن. دەشڵێت “نەجمەدین کەریم، لە پەرلەمانی عێراقەوە متمانەی پێ نەدراوە تا لێی وەربگرنەوە، بەڵکوو پارێزگاری کەرکوک بە ھەڵبژاردن و لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک متمانەی وەرگرتووە و خەڵکی کەرکوک خاوەنی ئەو بڕیارەن، نەک پەرلەمانی عێراق“
نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 14/9/2017، پەرلەمانی عێراق لەسەر پێشنیازی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیاری لەکارلادانی نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکوکی دەرکرد.