نوچەنێت: تایبەت
ئەندام پەرلەمانێکی پارتی رایدەگەیەنێت، کۆبوونەوەکەی پەرلەمان، کە بڕیار بوو سبەی پێنجشەممە ئەنجام بدرێت، بۆ ماوەی 48 کاتژمێری دیکە دواخرا و دەشڵێت “دواخستنەکەی پەیوەندی بەپەیڕەوەی ناوخۆی پەرلەمانەوە هەیە”.
بڕیاربوو سبەی پێنجشەممە 14-9-2017، پەرلەمانی کوردستان کارابکرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ژمارەیەك واژۆ کۆکرایەوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، رێژەکەی لەسەرووی رێژەی یاسایییەوەیە، ئەمەش لەکاتێکدایە کۆمەڵی ئیسلامی و بزوتنەوەی گۆڕان تائێستا خۆیان یەکلایی نەکردوەەتەوە، بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، نازم هەرکی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: کۆبوونەوەی پەرلەمان، کەبڕیار بوو سبەی ئەنجام بدرێت بۆکاراکردنەوەی پەرلەمان، بۆماوەی 48 کاتژمێری دیکە دواخرا، کە دەکاتە رۆژی هەینی کاتژمێر 7 ئێوارە.
نازم هەرکی لەبارەی هۆکاری دواخستنی کۆبوونەوەکە گوتی “بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لای ئێمەیە دواخستنی کۆبوونەوەکە پەیوەندی بە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانەوە هەیە و پەیوەندی بە لایەنی سیاسی یەوە نییە، چونکە بەگوێرەی پەیڕەوکە، دەبێت 48 کاتژمێر پێش ئەنجامدانی کۆبوونەوە ئەندامانی پەرلەمان ئاگادار بکرێنەوە”.