نوچەنێت
بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە، دڵنیایی پاراستنی ئەمنییەتی ئەو شوێنانە دەدات، کە دەکەونە ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە لەکاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان لە گشتپرسی. دەشڵێت “بەرپرسیارێتی رووبەڕووبوونەوەی ئێمە لەگەڵ هەر هێزێک، دەکەوێتە ئەستۆی لایەنی بەرامبەر”.
عەمید هەڵگورد حیکمەت، بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە شێخان، رۆڵی هێزەکانی پێشمەرگەی لە رۆژانی بەر لە پرۆسەی دەنگدان و کاتی پرۆسەی دەنگدان بۆ راگەیاندنەکان ئاشکراکرد.
عەمید هەڵگورد حیکمەت رایگەیاند “دڵنیاییەکی زۆر باش دەدەینە هاووڵاتیانی ئەو جێگایانەی لەژێر چەتری پاراستنی هێزی پێشمەرگەدان، بەوەی ئەمنییەتی ناوچەکانیان پارێزراو دەبێ لە کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی گشتپرسی”.
هەڵگورد حیکمەت دەڵێت: “ئەو پرۆسەیە بە ئەمنیەت و بەرپرسیاریێتەوە جێبەجێ دەکرێت، هەوڵیش دەدرێت لە دەرەوەی چەتری پاراستنی پێشمەرگە جۆرە هاوئاهەنگییەک بکرێت، لە حاڵەتێکدا ئەگەر لایەنی بەرامبەر هاوکارمان بێت”.
سەبارەت بە دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزییەک لەکاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە، هەڵگورد حیکمەت گوتی: “ئێمە بۆیە پەنامانبردووەتە بەر گشتپرسی، بۆ ئەوەی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڵێین بەبێ شەڕ دەمانەوێت وڵاتێک دروست بکەین بەناوی کوردستان، بەرپرسیارێتی رووبەڕووبوونەوەی ئێمە لەگەڵ هەر هێزێک دەکەوێتە ئەستۆی لایەنی بەرامبەر، چونکە ئێمە باشترین رێگای ئاشتییانەمان هەڵبژاردووە”.
هەڵگورد حیکمەت گوتیشی “ئەگەر هێزێک بیەوێت رێگری لە بۆچوونی خەڵکی کوردستان بکات، ئەوا دەبێت خۆی بەرگەی بەپرسیاریێتیەکە لە ئاییندە بگرێت و عاقیبەتی ئەو جۆرە هەڵوێستانە لە ئەستۆ بگرێت”.