نوچەنێت- المستقبل
گریمانە دەکەین، کە قەیرانی ئێران لە عێراق گەورەتر لەوەیە، کە بیری لێ دەکرایەوە و گەلێک قووڵترە لەو لێکدانەوە و شیکاریانەی، کە بۆی کراوە. بە تایبەتی، کە ئێستا بابەتێک، کە زۆر جێی تێڕامانە ئەوەیە، کە زۆربەی سەرکردەکانی شیعەی عێراق لە بری ئەوەی، کە خەریکی فتوا دەرکردن بن، گەڕاونەتەوە بۆ سەر گوتاری نەتەوەیی خوازی و ئەولەوییەت دان بە بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق.
ئەم قەیرانە لە بنەڕەتەوە بوونی هەبوو، بەڵام بە هۆی ئەولەوییەتەکانی دیکە، بە شێوەی کاتی وەلانرابوو. دەستپێکی قەیران، دوای دەرهاویشتەکانی کەوتنی رژێمی بەعس و قۆناغی ئینتقالی دوای ئەم رووداوە گەورەیە بوو. دواتر بابەتی بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەرانی ئەمریکایی هاتە کایەوە و سەرئەنجام دوای تەقینەوەکانی سامڕا لە ساڵی 2006 فۆرمێکی شەڕی ناوخۆیی بە خۆیەوە گرت، دواجار داعش لە دڵی ئەم گۆڕانکاریانە لە دایک بوو.
لە مێژووی هاوچەرخی عێراق، دوو دیاردەی شوێندانەر هاتوونەتە ئاراوە، کە هەر تاک و لایەنێکی عێراق، کە بەدواداچوونی بۆ پرسەکانی ئەم وڵاتە کردووە، ئاگاداریەتی. یەکەم: ئەوەی، کە دووانەی مەرجەعیەتی نەجەف و قوم بەر لە سەربەخۆیی فەرمی عێراق لە کۆڵۆنیالیزمی بەریتانیا لە ساڵی 1932 بوونی هەبووە. هەر چەند، کە مەرجەعییەتی نەجەف بە هۆی بوونی سیمبۆلێکی مەزاری ئیمامی یەکەمی شیعەکان گرنگی زیاتری هەبووە و لە بواری شەرع و زمانی عەرەبی و فقە چالاکی بەرچاوتری هەبووە، بەڵام حەوزەی قومیش بە تایبەت لە دوای کۆتایی سەردەمی دەسەڵاتدارێتی شای پێشووی ئێران، بەرەبەرە پێگە و هێزی تایبەتی بۆ خۆی مسۆگەر کرد. بۆ عێراقیەکان، هەستیاری سەبارەت بە عەرەب بوون بەردەوام بە سەر یەکگرتوویی مەزهەبی باڵادەست بووە و بەردەوام جەختیان کردۆتەوە، کە شوناسی عەرەبی ئەوان گەلێک گرنگترە لە شوناسی ئایینی و مەزهەبیەکەیان. لە بەرامبەردا قوم بەوە بەناوبانگ بوو، کە ناوەندی هەرە شوێندانەری مەرجەعییەتی ئێرانە.
خاڵی دووەم: ئەوەیە، کە زۆربەی ئەو سەربازانەی، کە لە شەڕی یەکەمی کەنداو بەشدار بوون، سەر بە شیعەکان بوون. سیاسەت و کردارەکانی سەدام حسێن و گوشارەکانی تەنها هۆی بەشداری کردنی شیعەکان لە شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق نەبوو. لە ئەنجامدا زۆربەی شیعەکان، کە زۆرینەی ئەم وڵاتە پێکدێنن لە روانگەی دەسەڵاتدارانی نوێی ئێران مەحکومن.
سەرکردە عێراقیەکان، کە لە دوای رووخانی رژێمی سەدام گەڕانەوە بۆ ئەم وڵاتە، هیچ کات بە رادەی ئێستا بەم پرسەوە لە سەر هەست نەبوون. بەم حاڵەشەوە، راستیەکان وەک خۆی مایەوە و لە یەک کاتدا سەری هەڵدا. ئێستا و دوای ئەوەی، کە ئەو سەرکردانە دەرهاویشتەکانی پەیوەندی لە گەڵ ئێرانیان بە چاوی خۆیان بینی، دەبێ وەڵامێکی روون بەم پرسیارە بدەنەوە چۆناوچۆن بوو، کە سەرنجی ئەم واقعەیان نەدا.
بەڵام چاوەڕێ کردنی وەڵام بۆ ئەم پرسیارە، هیچ کات جەوهەری پرسیارەکە کەم رەنگ ناکاتەوە.گریمانەی ئێستا بە دورستی ئەوەیە، کە نەتەوەخوازەکانی عەرەبی عێراق بە باشی لە گرنگی و بەهای زۆرینەی رەهای سوپای سەدام لە شەڕ لە گەڵ ئێران غافڵن.
حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیران، موقتەدا سەدر، عەمار حەکیم و تەنانەت هادی عامری، سەرۆکی رێکخراوی بەدر، سیاسەتێکیان گرتۆتە بەردەم، کە ئاماژەیە بۆ ناکۆکی گەورەیان لە گەڵ ئێران. لە هەمان کاتدا، لەم راستییە بە دوور نییە، کە شیعەکانی سوپای سەدام بە راستگۆیی و ئینتمایەکی زۆرەوە بەشدار بوون.
ئەگەر لە دۆخی ئێستادا، شەڕ لە دژی داعش لە قۆناغەکانی کۆتایی خۆی نزیک نەدەبووەوە، بەم رادەیە هەست و مەیلی نەتەوە خوازی و سەربەخۆیی خوازانەی عێراقیەکانمان نەدەبینی. هەر چۆنێک بێت ئەم بۆچوونە بۆ جارێکی دیکە کەوتۆتە بەر سەرنج، کە هاوپەیمانی ئەسەد و ئێران بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە سەر ئازار و مەینەتی عێراقیەکان بنیات نراوە و نوری مالیکی پێشتر لە هەر کەسێک ئاگاداری ئەم راستییەیە.
ئەگەری هاتنە کایەی ئاشتی و ئارامی لە عێراق، وەک ئەوە وایە، کە ئێران تووشی قەیران ببێتەوە. سەرمایەدانان لە سەر شیعەکان لە دژی سوننەکان چیدی باوی نەماوە. چ هۆکار و ئاماژەیەک باشتر لەوەی، کە کەسێک وەکوو هادی عامری، دەنگی بەرز کردۆتەوە و ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر بە رێککەوتنی حزبوڵڵا و داعش دەربڕیوە، کە بەو پێێە ئەندامانی داعش لە لوبنانەوە گوازراونەتەوە بۆ سنوورەکانی عێراق.