بارزانی بۆ پێکهاتەکانی کەرکوک: ناسنامەی کوردی بەسەر کەسدا ناسەپێنین

0

نوچەنێت

ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی کەرکوکی کرد و جەختیکردەوە، گشتپرسی دواناخرێت. راشیگەیاند، خەڵکی کەرکوک بە هەموو ئایین و پێکهاتەکانییەوە خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان دەدەن و “وەک چۆن قبووڵناکەین ناسنامەی عەرەبی بەسەرماندا بسەپێنرێت، ئێمەش ناسنامەی کوردی بەسەر کەسدا ناسەپێنین”.

رۆژی سێشەممە 12-9-2017 مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەردانی شاری کەرکوکی کرد بە ئامادەبوونی کۆسرەت رەسول و نەجمەدین کەریم، لەگەڵ پێکهاتەکانی شارەکە کۆبووەوە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند “بڕیاری گشتپرسیمان دا، چونکە بەداخەوە نەتوانرا شەراکەتێکی راستەقینە دروستبکرێت. زۆر هەوڵماندا ناسنامەیەکی عێراقی دروستبکەین، کە هەموومان بپارێزێت، بەڵام ئەمە رووینەدا”.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند “گەلی کوردستان سەلماندوویەتی ئاشتیپارێزە، هەرگیز جەنگ بژاردەی گەلی کوردستان نەبووە، بەڵام بەسەرماندا فەرزکراوە”.

بارزانی جەختیکردەوە “جگە لە خەڵکی کەرکووک کەس بڕیار لە چارەنووسی خەڵکەکەی نادات و عەرەب و تورکمانەکانیش دەبێت وەکو کورد هەموو ئیمتیازاتێکیان هەبێت”.

لەبارەی هەندێک لێدوان و هەڕەشە لە گەلی کورد، بارزانی رایگەیاند “ئەگەر کەسێک بیر لە هەڕەشە و جێبەجێکردنی هەڕەشەکەی بکاتەوە، دەبێت پێشبینی ئەوە نەکات ئێمە دەوەستین و سەیریان دەکەین”.

لەبارەی بڕیاری گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان و جیابوونەوە لە عێراق، بارزانی گوتی “14 ساڵە ئارام دەگرین، تەحەمول دەکەین، پرسیارەکەش ئەوەیە بۆچی بەغدا ماددەی 140ـی جێبەجێ نەکرد؟.. ئێستاش رەنگە دواخستنی گشتپرسی کێشەیەک دروستبکات کە نەتوانین کۆنترۆڵی بکەین، ئێمە دەبووایە لە ساڵی 2008 گشتپرسی بکەین”.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتیشی “گشتپرسی لە کەرکووک لە دەرەوەی یاسا نییە، هەر کوردێک نەیەوێت دەنگ بدات با نەیدات، بابەتەکە بەزۆر نییە، تەنیا دەمانەوێت بزانین زۆربەی خەڵک چی دەوێت”.

بارزانی دڵنیایی بە پێکهاتەکانی کەرکوک دا کە لە دەستووری کوردستاندا مافەکانیان پارێزراو دەبێت و گوتی “شەراکەتێکی راستەقینە لە دەوڵەتی کوردستاندا دەبێت، نابێت یەک ماددە لە دەستووردا هەبێت، کە رێگە بە جیاوازی لە پێکهاتەکانی کوردستان بدات”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com