نوچەنێت: تایبەت
ئەندامێکی چڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، هەر رێککەوتنێکی یەکێتی لەگەڵ پارتی بەبێ ئاگاداری گۆڕان و بۆ دەرکردنی ئێمە بێت، بەدڵنیاییەوە رێککەوتنەکەمان لەگەڵ یەکێتی هەڵدەوەشێتەوە.
رۆژی شەممە 10-9-2017 پارتی و یەکێتی، لە هەولێر کۆبوونەوە، لە کۆبونەوەکەدا رێککەوتنێکی نوێیان تاوتوێکرد و بڕیاریشە دوای گەیشتنە بەئەنجامی کوتایی، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە واژۆی لەسەر بکرێت، بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە لە (14-9 -2017) پەرلەمان کارا دەکەنەوە، بڕیاریشە رۆژی سێشەممە 12ی مانگ، شاندێکی بزووتنەوەی گۆڕن لە هەولێر لەگەڵ پارتی و یەکێتی کۆببنەوە، بۆ دوابڕیار لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان.
ئەمەش لە کاتێکدایە، کە یەکێتی و گۆڕان رێككەوتنێك لە نێوان هەیە، کە لە رۆژی 17-5-2016 لەلایەن نەوشیروان مستەفا، رێكخەری كۆچكردووی گۆڕان و كۆسرەت رەسوڵ، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتییەوە واژۆ كرا.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، جەعفەر خەیات، ئەندامی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، لەبارەی داهاتووی رێککەوتنە 25 خاڵیەکەیان لەگەڵ یەکێتی، لەئەگەری کاراکردنەوەی پەرلەمان بەبێ گۆڕان رایگەیاند: هەر رێککەوتنێکی یەکێتی لەگەڵ پارتی بەبێ ئاگاداری بزووتنەوەی گۆڕان و بۆ دەرکردنی ئێمە بێت، بەدڵنیاییەوە رێککەوتنەکەمان لەگەڵ یەکێتی هەڵدەوەشێتەوە، چونکە بەگوێرەی رێککەوتنەکەمان، هیچ لایەنێك بۆی نییە بەبێ ئاگارداری لایەنەکەی دیکە رێککەوتن لەگەڵ هیچ حزبێكدا بکات.
ئەو ئەندامەی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان گومانیشی لە پڕۆژە حەوت خاڵیەکەی یەکێتی هەیە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و دەڵێت “یەکێك لە خاڵە گرنگەکان، کە ماوەی دوو ساڵە گۆڕانی لەسەر دەرکراوە، هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێمە، لە کۆتا خاڵی پڕۆژەکەیان باسکراوە، کە رەنگە لەو دوومانگەی ماوە هەر قسەشی لەسەر نەکرێت”.
جەعفەر خەیات گوتیشی “ئەوان ئازادن لەوەی رێککەوتن لەگەڵ پارتی بکەن، بەڵام ئێمەش ئازادین لەوەی رێککەوتنەکەمان هەڵوەشێنینەوە، چونکە رێککەوتنی ئەوان بۆکاراکردنەوەی پەرلەمان بەبێ ئێمە، بۆ کردنەدەرەوەی ئێمەیە لە پڕۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان، بێگومان قسەی خۆمان دەبێت”.
ئەندامەکەی جڤاتی گشتی گۆڕان، هیواشی خواست ئاشتەوایی سیاسی دروستبکرێت و گشتپرسییەکی بنیشتمانی بێت، بۆئەوەی نەبێتە موڵکی حزبێکی دیاریکراو.