نوچەنێت-وۆڵ ستریت جۆرناڵ
پێگەی ئەمریکی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە وتارێکدا دەنووسێت: لە لاتێکدا لە ١٦هەمین ساڵڕۆژی هێرش ەتیرۆریستیەکەی ١١ سێبتەمبەردیان،ئەمڕۆ تٶری قاعیدە خەریکی خۆرێکخستنەوەیە و بە رادەی داعش مەترسیدار خۆی دەنوێنێ.
وۆڵ سترین جۆرناڵ ئەمڕۆ دووشەممە 11ی سێپتەمبەر، لە گوتارێکدا لە نووسینی براوس هافمەن، تیشکی خستۆتە سەر دۆخی دوو تۆڕی تیرۆرستی داعش و قاعیدە و دەنووسێت “قاعیدە دوای ئەوەی، کە چەندین ساڵ مەیدانی رادەستی داعش کرد، ئێستا بە ئارامی خەریکی خۆرێکخستنەوە و تەنزیماتە و بەرە بەرە دەژێتەوە”.
هافمەن، کە بەڕێوەبەری بەشی لێکۆڵینەوەی ئەمنی لە زانکۆ جۆرج تاونی لە ئەستۆیە، لەم بارەیەوە دەنووسێت “تۆڕی قاعیدە لە لایەن ئۆسامە بن لادەنەوە، بنیات نرا و ناوبراو لە ساڵی 2011 لە لایەن هێزەکانی ئەمریکاوە کرایە ئامانج و گیانی لێ ئەستێندرا. ئێستا ئەیمەن زەواهیری، سەرکردایەتی تۆڕە دەکات. زەواهیری دوای ئەوەی، کە داعش سەری هەڵدا، دەستی کرد بە یارگیری و پێشتریش بە ئەنجام دانی هێرشە تیرۆرستییەکەی 11ی سێبتەمبەر، هەوڵی راکێشانی پشتیوانی بۆ خۆی دەدا”.
نووسەری ئەم گوتارە، بە سەرنج دان بە کردەوەی دژ بەیەکی ئەم تۆڕە لە 2013 دەنووسێت “لەم قۆناغەدا قاعیدە هەوڵی دا خۆی وەک گروپێکی میانەڕەو بناسێنێت، چونکو هەوڵی دەدا لە ئەنجام دانی هەر هێرشێک، کە کوشتاری بەربڵاوی لێبکەوێتەوە و رەنگە ببیتە هۆی کوژرانی موسوڵمانانی مەدەنی و ژنان و منداڵان، خۆی بە دوور بگرێت”.
هافمەن لە درێژەی بابەتەکەی دەنووسێت “ئەمە لە کاتێکدایە، کە داعش لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەردەوام خوازیاری هێرشی بێ بەزەییانە لە ئاتسی جیهانیدا بووە، بەڵام ژیانەوەی قاعیدە لە سوریا و لە سنوورەکانی تورکیا، بە باشی هەستی پێدەکرێت و لە سوریا و بە کەڵک وەرگرتن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان جەخت دەکاتەوە، کە نابێ خەڵکی مەدەنی و بێ تاوان بکرێنە ئامانج و زۆرتر ئامانجی سیاسی و سەربازی پەیڕەو دەکات. ئەمە یەکێکە لە جیاوازیەکانی ئەم دوو تۆڕە”.
لە درێژەی گوتارکەی وۆڵ ستریت جورناڵدا هاتووە: قاعیدە لە باکوری رۆژئاوای ئەفریقا تاکوو باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیا پەل و پۆی هاویشتووە. لقی قاعیدەی باکوری ئەفریقا، تەنها لە ساڵی رابردوودا 250 هێرشی ئەنجام داوە و لقی قاعدە لە نیمچە دوورگەی عەرەبستان لەم ساڵانەی دوایی بەهێزتر بووە و لە ئەفغانستان بە رێگەی هاوپەیمانی لە گەڵ تاڵیبان لە نیوەی قەڵەمڕەوی ئەم وڵاتە حوکم دەکەن.
بە پێی وتارەکەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، قاعیدە ئێستا خاوەنی دەیان هەزار چەکدارە و تەنها لە سوریا 20 هەزار چەکداری هەیە، لە یەمەن چوار هەزار کەس و لە سۆماڵی نزیک بە 7 هەزار چەکداری هەیە.
هافمەن لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەی دەنووسێت: نابێ وابیر بکەینەوە، کە تۆڕی قاعیدە لە ئامانجەکانی بن لادەن دوور کەوتۆتەوە، واتە کردنە ئامانجی دوژمنی دووردەست، واتە رۆژئاوا.
بە پێی گێڕانەوە تێئۆ پاندۆس، رۆژنامەنووسی ئەمریکی، کە لە لایەن قاعیدەوە لە سوریا بۆ ماوەی دوو ساڵ بەدیل گیرابوو، ساڵی 2014 گوتبووی، کە فەرماندەکانی قاعیدە چیدی وەک رابردوو رۆژئاواییەکان بۆ شەڕ لە سوریا بانگهێشت ناکەن، بەڵکوو فێری ئەوەیان دەکەن، کە ئەگەر گەڕانەوە بۆ رۆژئاوا بە چ شێوەیەک ئامانجەکانیان بپێکن و لە هێڕشەکانیان بەردەوام بن.
بە گوتەی هافمەن، لە مانگی رابردوو “حمزه بن لادن” کوڕی دامەزرێنەری قاعیدە، داوای لە پەیڕەوان و ئەندامانی ئەم گروپە کرد، ئەوەی لە توانایاندایە بۆ وەرێ خستنی شەڕ لە دژی جوولەکەکان، ئەمریکییەکان، رۆژئاواییەکان و روسەکان بەکاری بێنن.
بەڕێوەبەری بەشی دیراساتی ئەمنی زانکۆی جۆرج تاون لە درێژەدا دەنووسێت: قاعیدە ئەمڕۆ گەیشتۆتە ئاست دەسەڵات خوازی و مەترسیداربوونی داعش.
لە کاتێکدا، کە داعش مەیدانەکانی شەڕی لە عێراق و سوریا لە دەست دەدات و وەک پێویست توانای رکابەرایەتی لە گەڵ قاعیدە بۆ مانەوە لە سەر عەرزی واقع نەماوە، تەنها خاوەنی یەک تایبەتمەندییە، ئەویش توانای ئەنجام دانی هێرشە تیرۆریستییەکان لە سەر خاکی ئەوروپا.
لە کۆتایی گوتارەکەی وۆڵ سترت جۆرناڵدا هاتووە: داعش لە کاتێکدا بەرەبەرە قەڵەمڕەوی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دەست دەدات، بەڵام بەراورد دەکرێت بە لانی کەمەوە 7 هەزار هاوڵاتی ئەوروپایی، کە لە ریزەکانی ئەم گروپەدا بوونە بەرەو وڵاتانی خۆیان بگەڕێنەوە. ئەمە تەنها بەشێکە لەو 40 هەزار کەسە، کە لە 120 وڵاتی جیهان بۆ مەشق و راهێنان پێکردنیان روویان کردۆتە وڵاتانی عێراق و سوریا.