نوچەنێت-ئاژانسەکان
وەزیری دادی حکومەتی ئیسرائیل رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی پاڵپشتی کوردستانێکی سەربەخۆ دەکات، لانی کەم لە کوردستانی عێراق.
ئەم لێدوانەی وەزیری دادی ئیسرائیل دوای ئەوە دێت، کە لە ماوەی ڕابردوو بێنیامین نەتانیاھۆ، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەش ڕایگەیاندبوو، کە حکومەتەکەی “ھەڵوێستێکی ئەرێنی” بەرامبەر بە بابەتی سەربەخۆیی کوردستان ھەیە.
ئەو وەزیرەی ئیسرائیل، لە سەرەتای ساڵی 2016 و لە میانەی کۆنفرانسێک لە تەلئەبیب، پاڵپشتی خۆی و وڵاتەکەی بۆ سەربەخۆبوونی کوردستان راگەیاندبوو، کە ئەو کات ئەم وەزیرە ئیسرائیڵییە گوتی “کوردەکان شایانی دەوڵەتن، چونکە گەلێکی ئاشتیخوازن و ھەرگیز لە مێژوودا ھێرشیان نەکردووەتە سەر ھیچ کەس”.
بە پێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی (Harretz)، ئایلێت شێیکد، وەزیری دادی حکومەتی ئیسرائیل، ئەمڕۆ دووشەممە 11-9-2017 لە میانەی کۆنفرانسێکدا رایگەیاند: دروستبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بەناوی کوردستان، لە بەرژەوەندی ئیسرائیل و وڵاتانی ڕۆژئاوادا دەبێت.
ئایلێت شێیکد “پێیوایە کاتی ئەوە ھاتووە ئەمریکا پشتیوانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بکات”.