
پارتی نیگەرانی خۆی لەتاڵەبانی راگەیاند و هیواخوازە لێکترازان لەنێوان پارتی و یەکێتی دروستنەبێ
نوچەنێت
هەڵوێست و پشتیوانی تاڵەبانی لە مالیکی پارتی نیگەران دەکات و وتەبیژی پارتی رایدەگەیەنێت، هەڵوێستی تاڵەبانی بۆ پارتی موفاجەئەبووەو نیگەران بوون، هیواش دەخوازێت ئەو هەڵوێستەی تاڵەبانی لێکترازان لەنێوان پارتی و یەکێتی دروست نەکات.
دوای ئەوەی رەوتی سەدرو عێراقیەو هاوپەیمانی کوردستانی، زیاتر لەچڕ کردنەوەی هەوڵەکانیان بوون بۆ سەندنەوەی متمانە لە نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی عێراق، تاڵەبانی وەک رێگری بۆ سەندنەوەی متمانە لە مالکیکی داوای کۆکردنەوەی واژۆی پەڕلەمانتارانی کردو، دوای ناردنی واژۆکانیش بۆ لای تاڵەبانی، جارێکی تر تاڵەبانی رێگری لە سەندنەوەی متمانە لە نوری مالیکی دەکات بەوەی، کە رایگەیاند واژۆکان نیسابی قانونیان تەواونەکردووە بۆیە سەرۆک کۆمار داواکاری سەندنەوەی متمانە لە مالیکی نانێرێتە پەرلەمانی عێراق، ئەوەش لەکاتێکدایە کە بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سورە لەسەر سەندنەوەی متمانە لە لەمالیکی و لایەنەعێراقییەکانیش تەئکید لە هەبوونی رێژەی قانونی ئەو پەڕلەمانتارانەی عێراق دەکەنەوە، کەداوای سەندنەوەی متمانەیان لەمالیکی واژۆکردووە.
هەڵوێستی تاڵەبانی نیگەرانی پارتی هاوپەیمانی حزبەکەی تاڵەبانی لێدەکەوێتەوە و جەعفەر ئیبراهیم وتەبێژی مەكتەبی سیاسی پارتی بە ڕۆژنامەی ڕووداوی ڕاگەیاند”هەڵوێستی مام جەلال و نامەكەی بۆ ئێمە موفاجەئە بوو، زۆر نیگەران بووین و ئێستاش كاردەكەین بۆ ئەوەی رێگەیەك بدۆزینەوە و ئەم دۆخە چارەسەربكرێ، بەشێوەیەك كە یەكڕیزی ماڵی كورد بپارێزرێ”.
وتەبێژی پارتی زیاتر دەڵێت “ئومێدەوارین جیاوازییەكان لە چوارچێوەیەكدا بن كە زیان بەر قاعیدەی هەردوولا نەكەوێ” دەشڵێت “ئێستا بەدواداچوون هەیە بۆئەوەی ئەو جیاوازیەی لەنێوان پارتی و یەكێتیدا هەیە چارەسەربكرێ، تاوەكو لێكترازان دروستنەبێ”.