تایبه‌ت: نوچه‌نێت
سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، به فه‌رمی ئاگاداری گۆڕانكاری له پۆسته‌كه‌م نیم، ده‌شڵێت “ئەگه‌ر پارتی و یه‌كێتی به فه‌رمی له‌سه‌ر گۆرانكاری له سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان رێككه‌وتن ئه‌وكات قسه‌ی خۆمان ده‌بێت”.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 10/9/2017 وه‌فدێكی باڵای پارتی و یه‌كێتی له شاری هه‌ولێر كۆبوونه‌وه و له‌سه‌ر میكانیزم و كاتی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان رێككه‌وتن و بڕیاریاندا، هه‌تا 14ی ئه‌م مانگه په‌رله‌مانی كوردستان كارابكرێته‌وه، به‌پێی زانیارییه‌كان، یه‌كێك له سیناریۆكان گۆڕانكاری له پۆستی سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كرێت و سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، فه‌خره‌دین قادر، سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان سه‌باره‌ت به رێككه‌وتنی پارتی و یه‌كێتی، بۆ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان و گۆڕانكاری دوورخستنه‌وه‌ی له پۆسته‌كه‌ی رایگه‌یاند: تائێستا به فه‌رمی له كاراكردنه‌وه‌ی پەرله‌مانی كوردستان و گۆرانكاری له ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی ئاگادار نه‌كراوینه‌ته‌وه، هه‌ركات پارتی و یه‌كێتی به فه‌رمی رێككه‌وتن و به فه‌رمی رێككه‌وتنه‌كه‌یان ڕاگه‌یاند، ئه‌وكاته قسه‌ی خۆمان ده‌بیت.
فه‌خره‌دین قادر ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، ئاگاداری ئه‌وه نیم ته‌نها گۆڕانكاری له پۆسته‌كه‌ی من بكرێت و سه‌رۆكی په‌رله‌مان وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه، به‌ڵام گۆڕانكاری له پۆسته‌كه‌م لا گرنگ نییه، وه‌ك قومێك ئاو خواردنه‌وه وایه له‌لام.
فه‌خره‌دین قادر ده‌شڵێت، دواقسه‌ی خۆمان بۆ دوای رێككه‌وتنی پارتی و یه‌كێتی هه‌ڵده‌گرین، چونكه پێویستمان به زانینی هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌كانی دیكه هه‌یه، كه ناویان نه‌هاتووه له رێككه‌وتنه‌كه‌ی پارتی و یه‌كێتی دا.