نوچەنێت
ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم چەند بڕیارێک دەردەکات، یەکێک لە بڕیارەکانیش بریتییە لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و سازکردنی یەکەم کۆبوونەوەی لە 14 ی ئەم مانگەدا. هاوکات ئەنجوومەنەکە داوا لە رێكخراوە بیانییەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەكات لە چاودێریكردنی پرۆسەی گشتپرسی بەشداربن.
رۆژی یەكشەممە 10- 9 -2017 لە پیرمام، ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم بە سەرپەرشتیی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی كۆسرەت رەسول عەلی، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی، كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان و سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا پێشهاتە سیاسییەكان و دوایین هەڵوێستی نێوخۆ و عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەروەها سەردانەكەی ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی بۆ هەرێمی كوردستان تاوتوێكراوە.
بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، ئامادەبووان رێككەوتنی ئەمڕۆی نێوان پارتی و یەكێتییان بۆ كاراكردنەوەی پارلەمانی كوردستان بەرزنرخاندووە و بە هەنگاوێكی گرنگ و نیشتمانی و مێژووییان وەسفکردووە، ئومێدی ئەوەشیان خواستووە ئەو هەنگاوە ببێتە هۆی خێراتربوونی پڕۆسەی سیاسی و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان.
كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم دوای راگۆڕینەوە و گوێگرتن لە تێبینی و پێشنیازی لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان و، خوێندنەوەی راپۆرتی رێوشوێنە پراكتییەكانی پرۆسەی گشتپرسی لەلایەن كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان، بەو ئەنجامانە گەییشتووە:
یەكەم: ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم جەخت لە ئەنجامدانی گشتپرسی لە وادەی دیاریكراوی خۆی لە 25ـی ئەیلوولی 2017 دا لە هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەكاتەوە، هەموو ئەو دەنگۆ و پڕوپاگەندانەش رەتدەكاتەوە كە باس لە دواخستنی گشتپرسی دەكەن.
دووەم: كۆبوونەوە بە رەچاوكردنی دۆخی هەستیاری كوردستان جەختی لە پێویستی یەكڕیزی و هاودەنگیی نیشتمانی و هەماهەنگیی نێوان هێزە سیاسییەكان بۆ هەڵمەتی هاوبەشی بانگەشە بۆ گشتپرسی كردەوە.
سێیەم: كۆبوونەوەكە جەختی لە پاراستن و رەچاوكردنی ماف و داواكاریی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان لە هەموو قۆناخەكاندا كردەوە، دەرئەنجامی كۆبوونەوەكانی لیژنەی تایبەت بە زەماناتی پێكهاتەكان خرایە بەرباس و داوا لە سكرتارییەتی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم كرا داواكارییەكان یەكبخات و كۆبوونەوەكە پاڵپشتیی خۆی بۆ داواكاریی پێكهاتەكان دەربڕی.
چوارەم: حیزب و لایەنەكانی بەشدار لە ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم رێككەوتن كە رۆژی پێنجشەممە 14ـی 9ـی 2017 پەرلەمانی كوردستان كارابكرێتەوە و دانیشتنی ئاسایی خۆی دەستپێبكاتەوە.
پێنجەم: ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ ئیجرائات و هەنگاوە پراكتیكییەكانی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی بۆ پرۆسەی گشتپرسی دووپاتدەكاتەوە و داواش لە حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات هاوكاری كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان بن.
شەشەم: ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم داوا لە رێكخراوە بیانییەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەكات لە چاودێریكردنی پرۆسەی گشتپرسی لە هەرێمی كوردستان بەشداربن.