نوچەنێت
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێك ئاراستەی رای گشتی دەکات و رایگەیاند “هەر جۆرە لێدوان و هەڵسوكەوتێك كە بۆنی دژایەتیكردنی برایەتی و پێكەوەژیانی لێ بێت هیچ پەیوەندییەكی بە بەها بەرزەكانی گەلەكەمان و سیاسەتی هەرێمەوە نییە”.
بارزانی هەروەها داوا دەکات، ڕەچاوی بەها بەرزەكانی گەلەكەمان و فەرهەنگی برایەتی و پێكەوەژیانی مێژوویی نێوان پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان بكەن
دەقی پەیامەکەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
گەلی كوردستان ئەزموونێكی سەدساڵەی پڕ لە نەهامەتی لەگەڵ حكومەتەكانی عێراقیدا تێپەڕاندووە. لەم سەد ساڵەدا شەراكەت جێبەجێ نەكرا و گەلی كوردستان تووشی ئەنفال و كیمیاباران بوو. لەپێناو گەییشتن بە ئاشتی و دووركەوتنەوە لە شەڕ و گرفتی زیاتر گەلی كوردستان، بڕیاری داوە ڕیفراندۆم بكات و بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو بنێت.
ئەو هەنگاوە مافێكی سرووشتی و ڕەوای خەڵكی كوردستانە و ناكۆك نییە لەگەڵ هیچ بنەمایەكی ئاسمانی و ئینسانی. جێبەجێكردنی ئەو مافە بە هیچ شێوەیەك بە مانای دژایەتیكردن هیچ پێكهاتەیەكی نەتەوەیی و ئایینیی گەلی عێراقی نییە، بەڵكو ئەوە دانانی بنەمایەكی پتەوە بۆ ڕێگەگرتن لە تێكدانی پەیوەندیی مێژوویی نێوان گەلی كوردستان و گەلی عێراق.
هەر جۆرە لێدوان و هەڵسوكەوتێك كە بۆنی دژایەتیكردنی برایەتی و پێكەوەژیانی لێ بێت هیچ پەیوەندییەكی بە بەها بەرزەكانی گەلەكەمان و سیاسەتی هەرێمەوە نییە و زۆر دوورە لە فەرهەنگی پێكەوەژیان و لێبوردەیی گەلی كوردستان.
لەو كاتەی بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو دەنێین، بە دڵنیاییەوە هەڵسوكەوتی ستەمكارانەی ڕژێمەكانی پێشووی عێراق لەدژی گەلی كوردستان لەگەڵ برایەتی گەلی كوردستان و گەلی عێراق تێكهەڵ ناكرێت. ڕیفراندۆمیش بە هیچ شێوەیەك كار ناكاتە سەر بەردەوامی دۆستایەتی و برایەتیی نێوان گەلی كوردستان و گەلی عێراق بەڵكو قووڵتر و پتەوتری دەكات. ئێمە دەزانین كە گەلانی عێراقیش قوربانی دەستی ڕژێمە دیكتاتۆرەكان بوونە و لەگەڵ گەلی كوردستان لە یەك سەنگەردا بوونە.
داوا لە هاوڵاتیانی كوردستان دەكەین، كە لە كاتی دەربڕین لە ئیرادە و مافەكانیان ڕەچاوی بەها بەرزەكانی گەلەكەمان و فەرهەنگی برایەتی و پێكەوەژیانی مێژوویی نێوان پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان بكەن. خوشك و برایانمان لە عێراق دەبێ بزانن كە گەلی كوردستان هۆكاری تێكدانی یەكپارچەیی و شەراكەت و ژیانی هاوبەش لە عێراق نەبووە بەڵكو ڕژێمە ستەمكارەكان و حكوومەتەكانی عێراق و سیاسەتی ئینكار هۆكاری سەرەكیی تێكدانی پێكەوەیی و یەكپارچەیی بوون.
مسعود بارزانی
10ـی 9ـی 2017